زانایەکی ئەمریکی: درۆنەکانی تورکیا، رێساکانی گەمەی نێوان روسیاو ئۆکرانیا دەگۆڕن

  2021-11-29 23:13      319 جار بینراوە        کۆمێنت

فرانسیس فۆکۆیاما، بیرمەندو زانای سیاسی ئەمریکا رایگەیاند: پێدەچێت فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکان "درۆنەکان"ی تورکیا، رێساکانی گەمەی پەیوەندیدار بەقەیران و ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری نێوان روسیاو ئۆکرانیا بگۆڕن.
فۆکۆ یاما، لەتویتێکدا لەسەر ئەکاونتی خۆی لەپێگەی تویتەر، رایگەیاند: رەنگە بەکارهێنانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا لەلایەن ئۆکرانیاوە، وەکو گۆڕانێکی تەواوی رێساکانی گەمەکە بێت، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە، وادەردەکەوێت مۆسکۆ زۆر سەرقاڵ بێت بەم کێشەیەوە".
پێشتریش فۆکۆ یاما، لەوتارێکدا لەگۆڤاری "American Purpose" ئاماژەی بەوەکردبوو، کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداربوون لەوەی تورکیا ببێتە هێزێکی هەرێمی.
مانگی ئەیلولی رابردوو، ڤالیری زالۆجنی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، کەوڵاتەکەی پلان دادەنێت بۆ کڕینی چوار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی لەجۆری "  بەیرەقدار TB2" لەساڵانی 2021  و 2022 دا.
زالوجنی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی " ریپۆرت"ی ئۆکرانی روونیکردەوە کە لەمساڵدا وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی لەهەمان جۆر کڕیوە.
باسی لەوەشکرد، ئۆکرانیا بەنیازە لەداهاتوودا بەتواناو شارەزایی خۆی لەو درۆنانە دروست بکات.
وتیشی" بەتەنها کڕینی ئەو جۆرە درۆنانە بەس نییە، بەڵکو پێویستە بتوانین بەباشی بەکاریبهێنین".
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لەساڵی 2019دا، ئۆکرانیا شەش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری " بەیرەقدار TB2" لەتورکیا کڕێ.

سەرچاوە: سایتی TRT عەرەبی
وەرگێڕان و داڕشتنەوەی: فەریق حەبیب

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو