وەزیری پێشمەرگە: دەبێت تۆڵەی خوێنی شەهیدان لە داعش بكرێتەوە

  2021-11-30 17:24      109 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، فەرماندەو جێگری فەرماندەی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی راسپارد بەتوندی بەرپەرچی چالاكی و پەلامارە تیرۆرستیەكانی داعش بدەنەوەو لە رەگ و ریشەوە هەڵیان بتەكێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تەشرینی دووەم، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و فەریق جەمال محەمەد، سەرۆكی ئەركان و هەردوو جێگرانی سەرۆكی ئەركان بۆ ئیدارەو میرە، ئۆپەراسیۆنەكان، لەگەڵ سەرجەم فەرماندە و جێگرانی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبووەوە.
لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری پێشمەرگە و ستافی وەزارەت پرسەو سەرەخۆشیان نارد بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە، بەتایبەت ئەوانەی چەند رۆژی رابردوو لە میحوەری گەرمەسێر گیانیان بەخشی.
دواتر وەزیری پێشمەرگە كورتەیەكی لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەكەو مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش و جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی خستەڕوو، راشیگەیاند: وەك لە هۆشدارییەكانی پێشوترمان، بەردەوام جەختمان لەسەر ئامادەسازی هێزەكان كردۆتەوە، لە بەرامبەر پاراستنی سەنگەرەكان لە دوای پەرەسەندنەوەی داعش و زیندووبونەوەی شانەنوستوەكانیان، بۆ ئەمەش فەرماندەی لیواكانی راسپارد، چاوكراوەترو بەپلانی نوێی جەنگی، سەنگەرەكانی خۆیان قایم بكەن و لەمەترسی ئەو تیرۆریستانە بیانپارێزن.
وەزیری پێشمەرگە، ستایشی ئەرك و مەهامی فەرماندەی لیواكان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، كە قارەمانانە گیانی خۆیان لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری خاكی كوردستان بەخشی.
لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، وەزیری پێشمەرگە فەرمانی دا، كە سەرجەم هێزەكان پابەندی ئەركی سەربازی و دیسپلینە سەربازییەكان بن و بۆ ئەمەش وتی: هەوڵەكانمان چڕكردۆتەوە بۆ جێبەجێكردنی داواكاری لیواكان و پڕكردنەوەی تەواوی كەمو كوڕییەكان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: رێگە نادەین خوێنی ئەو پێشمەرگانەی كە لەچەند رۆژی رابردوو گیانیان بەختكرد بەفیرۆ بڕوات، دەبێت تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە بكرێتەوەو ناوەستین تا بەتەواوی داعش تێكدەشكێنین.
لەسەر پەیوەندیەكانی ئێستای نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: دوای دروستكردنی ناوەندەكانی ئەمنی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق، هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە، كە بەیەكەوە هەردوو هێز رۆڵببینن لەو ناوچانەی فەراغی ئەمنی هەیە.
كۆبونەوە بە گوێگرتن لەداوا و داواكارییەكانی فەرماندەی لیواكان كۆتایی هات و لەبەرامبەریشدا وەزیری پێشمەرگەو ستافی باڵای وەزارەت بەڵێنی چارەسەری كێشەكان و پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانیان دا.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو