هەنگاریا دەست بەمەشق و راهێنانەكانی پێشمەرگە دەكاتەوە

  2021-12-11 11:54      1653 جار بینراوە        کۆمێنت

وەفدێكی باڵای سەربازی و دیبلۆماسی هەنگاریا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوەو تیایدا جەختدەكەنەوە لەسەر بەردەوامیدان بەپشتگیری و پاڵپشتییەكانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەبەرامبەر بنبڕكردن و تێكشكانی تەواوەتی تیرۆریستان.
 ئەمڕۆ شەممە 11-12-2021، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، پێشوازیكرد لە فەریق رۆمەلۆس روسیزن، سوپاسالاری هەنگاریا و ئاتێلا تار، باڵیۆزی هەنگاریا لەعیراق و تۆس، كونسوڵی گشتی هەنگاریا لەهەرێم و كۆلۆنێل پیتەر، فەرماندەی هێزەكانی هەنگاریا لە هەرێم و كۆلۆنێل هادی، بەرپرسی تیمی هەماهەنگی هەنگاریا لەكونسڵخانەی گشتی و وەفدێكی باڵای سەربازی و دیبلۆماسی.
لەكۆبونەوەیەكدا، فەریق جەمال محمد، سەرۆكی ئەركان و لیوا قارەمان ولیوا روكن هۆشمەند حەیدەر، جێگرانی سەرۆكی ئەركان و لیوا روكن بەختیار محمدو عەمید روكن هەژار عومەر، راوێژكارانی وەزارەت و عەمید روكن محمد سەعید، بەڕیوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەكان، عەقید لوقمان كەریم، راوێژكاری وەزارەت ئامادەیبوون، بەوردی تاوتوێی مەترسی و جموجۆڵەكانی ئێستای تیرۆریستانی داعش لەناوچەكەدا كرا. 
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی و ئەركی هاوبەش لەرووبەڕووبونەوەو تێكشكاندنی تیرۆریستان، هاوكات هەردوولا بە گرنگیەوە تاوتوێی پەیوەندیەكانی ئێستای هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراقی و هاوپەیمانانیان كردەوە. 
وەزیری پێشمەرگە، رۆڵی هەنگاریا و هێزەكانیانی ئەو وڵاتەی بەرز نرخاند، كە لە ماوەی جەنگی داعش هاوكار و یامەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، دووپاتیشیكردەوە لەو ئالنگارییەی، كە ئێستا هاتۆتە پێشەوە بۆ راگرتن و لەناوبردنی هەڕەشەكانی تیرۆر، پێویستیمان بەهاوكاری و یارمەتی هەمووان هەیە.
سوپاسالاری هەنگاریا و وەفدی سەربازی و دیبلۆماسی هەنگاریا، وەزیری پێشمەرگەو ستافی باڵای وەزارەتیان دڵنیاكردەوە لە هاوكاری و پشتگیری پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بڕیاریشدرا‌ لەرێگەی راوێژكارە سەربازییەكانیان دەست بەمەشق و راهێنانەكانی پێشمەرگە بكرێتەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو