نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ ئاستی $1500 دادەبەزێت؟!

  2021-12-21 23:09      538 جار بینراوە        کۆمێنت
نرخی زێڕ

لەگەڵ ئەوەی ساڵی 2021 ساڵێکی نائومێدکەربوو بۆ زێڕ بەهۆی ئەوەی خواست لەسەری لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەردەوام لە دابەزیندابوو، بەڵام سێیەم گەورەترین بانکی هۆڵەندا ئەی بی ئێن ئامرۆ پێشىینی دەکات دوو ساڵی داهاتوو بۆ نرخی زێڕ کارەسات بێت و نرخی زێڕ بەشێوەیەکی گەورە دابەزین تۆمار بکات.
جۆرجێت بۆلە شارەزای بازاری فۆرێکس و زێڕ لە بانکە هۆڵەندیەکە لە پێشبینیەکانی بۆ نرخی زێر بۆ ساڵی 2022 دەڵێت وایدەبینم نرخی ئۆنسەیەک زێر تا کۆتایی ساڵی داهاتوو بە رێژەی %16 بۆ ئاستی 1500$ و لەکۆتایی ساڵی 2023 دا بۆ ئاستی 1300$ دابەزێت. ئەم تێروانینە بۆ دابەزین لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئاڵتون نەیتوانی لەسەروو ئاستی 1800$ بە جێگیری بمێنێتەوە و لەماوەی رابردوودا %6 دابەزینی بەخۆوەبینیوە.
بۆلە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەکیترین هۆکاری دابەزینی نرخی زێر لە ساڵی داهاتوودا بریتی دەبێت لە گۆرانکاری لە سیاسەتی نەختینەیی جیهانی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بانکی فیدراڵی ئەمریکا سەرنجەکانی بۆلای خۆی راکێشاوە کە لە ساڵی داهاتوودا دەست بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود دەکات.
بانکی ئینگلتەرا هەفتەی رابردوو دەستی بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود کرد و بانکی فیدراڵی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی داهاتوو سێ جار دەستکاری رێژەی سوود دەکات. تەنانەت بانکی یەکێتی ئەوروپا کە دەڵێت دەستکاری رێژەی سوود ناکەین بەرەو ئەنجامدانی گۆرانکاری لە سیاسەتی نەختینەی دەچێت.
"بانکی یابان،بانکی ناوەندی ئەوروپا،بانکی یەدەگی ئوستورالیا،بانکی نەتەوەیی سویسرا بە بەراورد بە بانکەکانی تر دواتر رێژەی سوود بەرزدەکەنەوە،بەڵام بە گشتی ئاراستەکە بەرەو توندکردنی رێکارەکانی سیاسەتی نەختینەییە نەک کەمکردنەوەی، هەروەها توندکردنی سیاسەتی نەختینەیی بە گشتی لە دژی زێرە و قازانجی سەر قەواڵە داراییەکانی حکومەتیش ئارەزووی بەرزبوونەوە دەکەن".
دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکا دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی قازانجی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا. فشارەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کەمدەبێتەوە،بەمەش قازانجی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ  تەمەن دوو ساڵ بەرزدەبێتەوە و فشاری زیاتر لەسەر دابەزینی نرخی زێر دروست دەکات.
هەروەها بەهۆی زیاتر بەهێزبوونی بەهای دۆلار وادەکات بازرگانان ئەو سەرمایەی بە زێڕ هەڵیان گرتووە دەریبێنن و ئەمەش دووبارە مەترسی گەورە بۆسەر دابەزینی نرخی زێڕ دروست دەکات.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو