یەكێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە

  2022-01-24 15:02      1463 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە وەڵامی راگەیاندراوەكەی ئەمرۆی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم لێدوانەی بۆ راگەیاندنەكان دا: 
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە دوێنێ 23ی كانونی دووەمی2022، بۆ رای گشتی كوردستانیی بڵاویكردەوە، خستنەڕووی راستییەكانی تێدابوو ،چونكە لەدانوستاندنەكاندا هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ساڵی پارەوە هەوڵەكانمان بۆ ئەوە  بوو بەیەكڕیزی و پڕۆژەیەكی یەكگرتوی نیشتمانییەوە  لەگەڵ  لایەنە سیاسیەكانی  عێراق بە شیعە و سوننەوە   بچینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەكرا  پێشوەخت پارتی  لەگەڵ چەند لایەنێكی تردا بەبێ  ئاگاداری  ئێمە و لایەنەكانی  تر چوبوونە ناو رێككەوتنێكەوە كە بەهیچ شێوەیەك خزمەت  بە پرۆسەی سیاسی لەعیراق و مافەدەستوریەكان  و قەوارەی هەرێمی كوردستان  ناكات. هەر لەسەرەتای ئەو كۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی و وەفدەكانی یەكێتیی  نیشتمانیی كوردستان  بە دەسەلاتی تەواو و بە بڕیاری سەربەخۆی  نیشتمانیەوە لەگەڵ پارتی دا گفتوگۆیان دەكرد دور لە پرەنسیپەكانی تاكڕەوی و  قۆرخكاری له  پرۆسەی  بڕیاردانی  سیاسیدا   .
بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەكانی پارتی بوون كە بە ناوەڕۆكێكی تەم و مژاویەوە دەهاتن بۆ كۆبوونەوەكان.
هەر لێرەدا بە بیر پارتی دیموكراتی كوردستان  دەهێنینەوە كە هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونكە خۆیان هەلی وایان نەڕەخساندو دەیانوویست رێككەوتنێكی  ناشەفافمان  لەگەڵ بكەن.
بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەیەكەم دانیشتنی عیراق لەبەر هەڵوێستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت (راكان جبوری) و كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بوو و ھیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نەبووە.
لەبارەی دووبارە كاندیدكرنەوە ی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی، پێداگریمان بۆ ئەوەیە كە ئەو وەك پارێزەری دەستووری عێراقی فیدراڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و  قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت، وەك چۆن هەمیشە نوێنەرانی تری یەكێتی نیشتمانی لەبەغدا بەپێی دەستوور ئەم ئەركەیان جێبەجێكردووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی ماڵی كور د بووەو هەوڵی بەردەواممان دوپاتكردووەتەوە بەڵام كە دڵنیابووین پارتی بەئەجێندایەكی تەم و مژاوی هاتە ناو دانوستانەكان و نێو پرۆسەی سیاسی عێراقەوە هەستمان كرد ئەو هەوڵانە مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموكراسی و مافە دەستووریەكانی گەلانی عیراق و قەوارەی هەرێم ناكات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێكارە دەستووری و دیموكراتییەكان لەپرۆسەی سیاسی عێراق كاندیدی پەسەندكراوی خۆمان و بەرەزامەندی زۆر لایەنی تری عێراقی و كوردستانی  بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاریكرد.              
لە كۆتاییدا  دوپاتی دە كەینەوە كە یەكێتیی  نیشتمانیی   كوردستان   بۆ  چارەسەركردنی كێشەكان هەمیشە بڕوای   بە  پرەنسیبی   دیالۆگ   ودانوستاندن   نەگۆڕە  و ئێستاش  لە پێناوی  بەرژەوەندی  گشتی دەرگای  ئەو بژاردەیەمان  دانەخستووە بەمەرجێ بۆ رێككەوتنێكی كۆنكریتی بێت.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو