حەلبووسی: بەبێ واژۆی من هیچ فەرمانێكی پەرلەمانیی دەرناكرێت

  2022-04-05 12:15      284 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەبێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان هیچ فەرمانێكی پەرلەمانی و رێكارێك ناگیرێتەبەر، جگە لەسەرۆكی پەرلەمان، هیچ كەسێك ئەو دەسەڵاتەی نییە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق نووسراوێكی ئاراستەی پەرلەمانتاران كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە پاڵپشت بەماددەكانی 48 و 53ی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2018ی یاسای پەرلەمانی عیراق، بەبێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان هیچ فەرمانێكی پەرلەمانیی دەرناكرێت و ئەو دەسەڵاتە بەهیچ كەسێكی دیكە نادرێت.
هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی عیراق نووسراوێكی دیكەی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی پەرلەمان و سەرجەم فەرمانگەو پێكهاتەكانی پەرلەمان كردووە  تێیدا دووپاتیكردۆتەوە لەسەر ناوەڕۆكی گشتاندنەكەی ئەمینداری گشتیی پەرلەمان كە لەڕۆژی 27-3-2022، ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەو پێكهاتەكانی پەرلەمانی كردووە، دەشڵێت، بەبێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان، بەهیچ شێوەیەك، هیچ رێكارێكی لێكۆڵینەوە، یاخود سزای هیچ فەرمانبەرێكی پەرلەمان نادرێت.
ئەو نووسراوەی حەلبووسی لەكاتێكدایە، لەسەر دەستەواژەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ناكۆكی كەوتووەتە نێوان ئەو و حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق.
حەلبووسی باسی لەوەشكردووە، دەستەواژەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوەو بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت. زاملیش پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەشێكە لەدەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان. پەرلەمانتارێكی سوننەكان دەڵێت، ئەمە هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانیی رزگاركردنی نیشتمان دروستدەكات.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو