خولی یەكەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت
2022-04-10 12:15     264 جار بینراوە      کۆمێنت
خولی یەكەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت. سێ رەوتی سیاسی سەرەكی لە ھەڵبژاردنەكە بەشدارن، كە راستڕەو و چەپڕەو و میانڕەوەكانن، چەپی كلاسیكیش ھیچ كاندیدێكی بۆ ھەڵبژاردنەكە نییە.
بۆ وەرگرتنی كورسی سەرۆكایەتی لە فەڕەنسا كە ھەر پێنج ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت، ١٢ كاندید ركابەری دەكەن، كە ٨ یان پیاو و ٤یان ژنن، بەپێی راپرسییەكان تەنھا ٦یان دیارترین و بەھێزترین ركابەرن، كە سیانیان سەر بەراستڕەوی سیاسین و دووانیان سەر بەچەپڕەوە توندڕەوەكانن و شەشەمیشیان "ئیمانوێل ماكرۆن" سەرۆكی ئێستای فەڕەنسایە كە میانڕەوە و لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ەوە لەدەسەڵاتدایە.
ئەگەر ھیچ كام لەكاندیدەكان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەكان لەخولی یەكەمدا بەدەست بھێنن، ئەوا ئەو دوو كاندیدەی زۆرترین دەنگیان پێدراوە دەچنە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەوەو ٢٤ی ئەم مانگە خولی دووەم ئەنجام دەدرێت.
بەپێی راپرسییەكان، "ئیمانوێل ماكرۆن"ی میانڕەو، لەگەڵ "مارێن لوپێن" كاندید پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەو و "جان لوك میلونشون" كاندیدی چەپڕەوی رادیكالی لەدیارترین كاندیدەكانن، پێشبینییەكانیش بەو ئاڕاستەیەن، "ماكرۆن" و "لوپێن" بچنە خولی دووەمی پڕۆسەكەوە.
بەوتەی چاودێران، "مارین لوپێن" دەزانێت چۆن دەرفەتەكان بقۆزێتەوە و تەركیزی خستۆتەسەر ئەو بابەتانەی ھاووڵاتی فەڕەنسی گرنگی پێدەدەن، وەك گوزەرانی خەڵك و توانای كڕین و نرخی وزە، ھەروەھا غیابی كاندیدی بەھێز لە پارتی كۆماری و ئیشتراكی ھاوكار بووە بۆ ئەوەی "لوپێن" ببێتە بەھێزترین ركابەر لەبەرامبەر "ماكرۆن".
ھەر سێ كاندیدەكەی راستڕەوەكان دژایەتییەكی زۆر بەرامبەر موسڵمانان و كۆچبەران دەردەبڕن، ھاوكات "ماكرۆن"یش لەماوەی رابردوودا چەندین یاسای دژی موسڵمانان دەركردو تۆمەتبار كراوە بە بە ئامانجكردنی موسڵمانەكان و كۆت و بەندكردنی ژیانیان.
ئەوەش لەكاتێكدایە موسوڵمانان ژمارەیان ٥.٧ ملیۆن كەسە و ٨.٨%ی دانیشتووانی فەڕەنسا پێكدەھێنن. بەپێی پێشبینییەكانیش، چاوەڕوان دەكرێت رێژەی بەشداریكردن لەدەنگداندا زۆر كەم بێت، چونكە بەپێی راپرسییەك كە دامەزراوەی "ئبسوس" ئەنجامیداوە، زیاتر لە ٣٠%ی دەنگدەران پلانیان ھەیە بەشداری دەنگدان نەكەن، بەوەش كەمترین كەس لەم ھەڵبژاردنەدا دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئەوەش بەھۆی ئەوەی كاندیدەكان پلان و پڕۆگرامی نوێیان بۆ وڵاتەكە نییە.
بابەتی زیاتر