بەدەستپێشخەری مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان میدیاكارانی یەكێتیی ناو سەندیكای رۆژنامەنووسان كۆدەبنەوە
2022-05-13 19:18     157 جار بینراوە      کۆمێنت
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 13-5-2022 مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی سەربە كەناڵ و دامەزراوە میدیاییەكانی یەكێتیی ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا جوتیار نوری لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان بایەخی ھەماھەنگی نێوان رۆژنامەنووسانی یەكێتیی و خەباتی پیشەیی و ئازادی رادەڕبرینی و ئازادی كاری میدیایی روون كردەوە و پشتیوانی یەكێتیی بۆیان دووپات كردەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و فریال عەبدوڵلا لێپرسراوی بۆردی رێكخراوە پیشەییەكان و بژار حەكیم جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئامادەیبوون بەشداران تیشكیان خستە سەر كێشە و گرفت و بەربەستەكانی ئازادی وتن و بڵاوكردنەوە و كێشەكانی بەردەم لقەكانی سەندیكا و ئەندامانی ئەو سەندیكایە.
دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبوان كرایەوە و قسەوباس لەسەر تەواوی تەوەرە گرنگەكان كرا.
كۆبوونەوە رەخنەی لە گوشار خستنە سەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و بەربەستكردنی خەباتی سەندیكایی گرت ھەروەك ئیدانەی فەرامۆشكردنی كەناڵەكانی راگەیاندنی یەكێتیی و بەگشتی كەناڵەكانی سنووری سلێمانی لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرا كە درێژەی ھەمان نەریتی فەرامۆشكردنی سلێمانی و زۆنی سەوزە.
كۆبوونەوە ھەروەھا بایەخی پەرەپێدانی ئازادی رۆژنامەنووسی و ماف و ئازادییە گشتییەكانی دووپات كردەوە و ئیدانەی گوشار و سزادانی رۆژنامەنووسانی دەڤەری بادینانی كرد كە ئەم دیاردە نەخوازراوە ھەم ناوبانگی دیموكراتی ھەرێم و ھەمیش پاشەكشێی خەباتی میدیایی بەدواوە دەبێت.
لە كۆتاییدا بەژمارەیەك راسپاردە و پێشنیاز كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هێنرا.
بابەتی زیاتر