کۆبوونەوەیەکی باڵا بۆ رێکخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیکردنەوەی وەزاری پۆلی 12 ئە‌نجامدرا

  2022-05-17 18:13      101 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سە‌رپە‌رشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای كرد بۆ رێکخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12 و ئامادەکارییە‌كان بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لەکەشێکی ئارام و بێ کێشەدا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەمە 17ی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، هەر یەکە لە‌وەزیرەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، کارەبا، پێشمەرگە، گواستنەوەو گەیاندن و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وە‌زیران ئامادە‌ی كۆبوونە‌وە‌كە‌ بوون، تاووتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی هەموو کێشەو گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە درا.
وەزارەتی کارەبا راسپێردرا ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیکردنەوەکان دابین بکات، هەرەوەها وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنیش راسپێردرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت هەماهەنگی تەواو بکات بۆئە‌وە‌ی بڕیار لە‌سە‌ر چۆنییە‌تی مامە‌ڵكردن لە‌بارە‌ی ئە‌و پرسە‌وە بدرێت‌.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەهەموو شارەکان ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ هەماهەنگی کردن لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و تاووتوێی چۆنییەتی رێکخستنی بەشداریکردنی ئەو خوێندكارانە‌ش کرا کە لەڕیزی هێزه ئەمنی و سەربازییەکاندان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کەدەبێت ئامادەکارییەکان بەجۆرێک بکرێت کە خوێندکاران بێ گرفت تاقیكردنە‌وە‌كان ئە‌نجامبدە‌ن و شکۆو رێزی مامۆستایانی بە‌ڕێزیش پارێزراو بێت.
لە‌كۆتایی كۆبوونەوە‌كە‌دا، باس لە‌پرۆسە‌ی وە‌رگرتنی خوێندكاران كرا لە‌زانكۆو پە‌یمانگاكانداو بڕیاردا ئامادە‌كاریی بۆ ئە‌و پرسە‌ش بكرێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو