خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد فێستیڤاڵی تام لە سلێمانی بەسەردەکاتەوە

  2022-05-19 23:00      71 جار بینراوە        کۆمێنت

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد فێستیڤاڵی تام لە سلێمانی بەسەردەکاتەوە


خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 1ی رێكخستنی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ 19ی ئایاری 2022، فێستیڤاڵیی تام بۆ خواردنە جۆراوجۆرەکانی لە پاركی هەواری شار بەسەركردەوە کە لەلایەن دەزگای میدیایی کوردسات بە هەماهەنگیی کۆمپانیای گرەیت وین و بە پشتیوانیی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، بە بەشداریی زیاتر لە حەفتا کۆمپانیاو خواردنگە و شوێنی تایبەت بەم بوارە بەڕێوەدەچێت.
لەمیانەی بەسەركردنەوەكەیدا، خاتوو شاناز لەنزیكەوە تامی چەند جۆرێك لەخواردن و شیرینییەكانی كرد و دەستخۆشی لە خواردنگە و شێفە بەشداربوەكان كرد كە لەرێگای ئەم فێستیڤاڵەوە دەتوانن بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان پەیدا بكەن و هاوکات لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی بەرهەمەکانیانەوە پرسیاری لێدەکردن.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەوتەیەکیدا لەبارەی فێستیڤاڵەکە و بینینی بەرهەمە هەمەجۆرەکانەوە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی: بەڕاستی جێگەی دڵخۆشیە کە ئەم بەرهەمانە دەبینیت و لەناخی دڵەوە دەستخۆشیان لێدەکەم، هیوادارم هەمیشە خەڵکی ئەمشارە و هەرێمەکەمان لە خۆشی و کۆبونەوە و بۆنەی خۆشیدابن.
وتیشی: ئەم فێستیڤاڵە لایەنێکی گرنگی ئەوەیە کە خەڵک و هەندێک لەخاوەنکارە بچوک و دەستڕەنگینەکان بتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و بازاڕیان بۆ پەیداببێت. 
فێستیڤاڵی تام بۆ خۆشخوانی وەك گەورەترین فێستیڤاڵیی خواردن لە كوردستان، لەلایەن دەزگای میدیایی كوردسات بەهاوبەشی كۆمپانیای گرەیت وین ساز كراوە و زیاتر لە 70 خواردنگە و شێفی شارەزا و چێشتلێنەری كورد و بیانی بەشداریان كردوە كە خواردن و چالاكی هەمەجۆر پێشكەشی هاوڵاتیان و سەردانیكەران دەكەن و چالاكییەكانیش بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو