دكتۆر سۆران جەمال تاهیر: گفتوگۆبكرێت لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری بەهێز وڵات بەرەو كەناری ئارامی و سەقامگیری ببات

  2022-06-26 10:59      105 جار بینراوە        کۆمێنت

دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و تەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسییەكان بەگشتی كاردانەوەی ئەرێنی هەبووەو نزیكبوونەوەی باش هەیە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوورییەكان بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
دكتۆر سۆران جەمال تاهیر راشیگەیاند: یەكێتیی لەسۆنگەی بەپرسیاریەتی و ئاستی بەشداریكردنی لەحكومەتی هەرێم بەپرسیاريیەتی هەڵگرتووەو هەوڵی جددی داوە لەپێناو باشكردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و وتیشی: حكومەتی هەرێم دەبێت هەوڵەكانی چڕتربكاتەوە لەپێناو چارەسەركردنی كەموكورتییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری لەسێكتەرە جیاوازەكان لەتەندروستی و پەروەردەو بوژاندنەوەی بازاڕو دابینكردنی هەلی كارو خزمەتی گشتی، كەلەئاستی پێویستدا نین.
باسی لەوەشكرد، عێراق بەبارودۆخێكی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت و ئێمە وەكو یەكێتیی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ سازان و لێكتێگەیشتن بووین و بڕوامان بەزمانی گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و لەگەڵ ئەوە نەبووین كورد ببێتە بەشێك لەململانێی نێوان هێزو لایەنە سیاسیەكانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ڕێز لەهەموو نەتەوەو پێكهاتەكان بگیرێت و رۆڵیان هەبێت لەحكومەتی داهاتووی عیراق، لەپێناو دامەزراندنی حكومەتێكی بنكە فراوانی بەهێزی بونیادنەر، كە لەئاستی داواو داخوازییەكانی هاووڵاتیان بێت و جەختی لەگرنگیی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكانی كردەوە، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراق پێدا تێدەپەڕێت و پێكهێنانی حكومەتێك وڵات بەرەو كەناری ئارامی و سەقامگیری ببات.
دكتۆر سۆران جەمال تاهیر روونیشیكردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت لەسەر بیروڕاكانی دەكاتەوە كە بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت و كۆمسیونی باڵای هەڵبژاردن كارا بكرێتەوەو یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێت، بەهەماهەنگی و سازانی هێزو لایەنە سیاسییەكان، كەتێدا فرەبازنەیی پەیڕەوبكرێت و پێكهاتەكان بەئازادانەو دوور لەدەست تێوەردان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و تۆماری دەنگدەران باكژ بكرێتەوەو كار بەسیستمی بایۆمتری بكرێت بۆ شێوازی دەنگدان لەچوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە كوردستان.
سەبارەت بەكەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان، دكتۆر سۆران راگەیاند: یەكێتیی هەمیشە جەختی لەپاراستنی پێكەوە ژیان و مافی پێكهاتەكانی ئەو شارە كردووەتەوەو لەدیداری یەكێتیی باسو خواستی زۆری لەسەر كراوەو گەلێك راسپاردەی بۆ كراوەو یەكێتیی بەبەرنامەیەكی گشتگیر هەوڵی خزمەتكردنی كەركوك و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی دەدات بەبێ جیاوزای و بەلوتكەی ئەولەویاتی خۆی دەزانێت، كە ئێستا بەدەست ناعەدالەتی و جیاكاری و كەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو