یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری: پێویستە لایەنە کوردیەکان کۆدەنگی زیاتریان هەبێت و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن
2022-08-07 16:24     165 جار بینراوە      کۆمێنت
لایەنێک لە کۆبوونەوەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئاب، وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکان، و ئامادەبوونی سالار سەرحەد خەلیفە، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندیە کوردستانیەکان، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستانیان کردو لەلایەن محەمەد حەکیم جەبار و فاروق عەلی، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریەوە پیشوازیان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهات و رووداوەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر ئەو ئاڵنگاریانەی کە ئێستا رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بۆتەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە تەواوی کێشەکان بە دانوستان و لەڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر بکرێن، تەئکیدیان لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکان لەم قۆناغەدا هاوهەڵوێست و کۆدەنگ دەبن لەسەر تەواوی پرسەکان و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و پێشهاتەکان بکەن، هەردوولا ئەوەیان خستەڕوو کە پیشوازی لەهەر دەستپێشخەریەک دەکەن بۆ هێورکردنەوەی ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستا، بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندیەکانی گەلی کوردو پاراستنی مافە دەستوریەکانیدا بێت.
بابەتی زیاتر