مەکتەبی سیاسی، لەیادی ئەنفالی بەهدیناندا: کاربکرێت بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدەکان و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاریان
2022-08-25 15:06     186 جار بینراوە      کۆمێنت
لە یادی سی و چوار ساڵەی ئەنفالی دەڤەری بەهدینان و ناوچە کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوادا ، وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوریانیانی ئەو کارەساتەی کە تێیدا نزیکەی پێنج هەزار کەس بونە قوربانیی و بێسەروو شوێن کران و سەدان گوند لەگەڵ زەویدا تەخت کران .
لە نێو ئەو کاولکاری و قوربانیانەی دەڤەری بەهدیناندا چەندین خوێندنگە و مەڵبەند و بنکەی تەندروستی و مزگەوت و کەنیسە ڕوخان و سوتێنران و هەزاران موسڵمان وکریستیان و ئێزیدیی کەوتنە بەر پەلامارو گرتن و کۆمەڵکوژکران، بەڵام تاکو ئێستا هەنگاوی پێویست نەنراوە بۆ هێنانەوەی روفاتی قوربانیەکانی ئەودەڤەرە گرنگەی کوردستان .
بۆیە هەر لەم یادە کارەساتبارەدا پێویست و ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و هەموانە ، هەوڵەکان چڕتربکرێتەوە بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر و جدیانە لەسەر قەبارەی ئەم کارەسات و تاوانەی بەسەر میللەتەکەماندا هاتوە و کاربکرێت بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدەکان و قەرەبوی کەس و کاریان بکرێتەوە ، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەم تاوانە بخرێتە نێو ریزی تاوانەکانی تری رژێمی بەعسی ڕوخاو کە لەناوچەکانی تری کوردستان بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامی داوە بۆ ناساندنی وەک جینۆساید تاکو لە ئازار و مەینەتیەکانی کەس وکاری ئەو قوربانیانە لە دەڤەری بەهدینان کەم بکەینەوە .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بابەتی زیاتر