روونکردنەوەیەک لە دەزگای دژەتیرۆرەوە

  2022-10-12 23:21      238 جار بینراوە        کۆمێنت
روونکردنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر-CTG، لە روونکردنەوەیەکدا، بە توندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەت دەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف.
ئەمە دەقی روونکردنەوەکەیە:

دەزگای دژەتیرۆر بە توندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەت دەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف. 

دەزگای دژەتیرۆر ھێزێکی نیشتمانی، رێکخراو، فەرمی، حکومی، تایبەت و مەشقپێکراوی سەربازییە و رۆڵێکی مێژوویی بینیووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە سەرتاسەری عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت.

دژەتیرۆر ڕۆڵی بینیوە لە پاراستنی سەقامگیری و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش کە نەک تەنیا لە هەرێم جێگای شانازییە، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە متمانەپێکراو و رێزلێگیراون و هاوکار و هەماهەنگی سەرەکی بوون لە سەرکەوتن بەسەر جەنگی تیرۆردا.

ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەربەلایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان  ونکردووە و لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات.

ئێمە لە دەزگای دژەتیرۆر لەوە تێدەگەین خۆهەڵقورتاندنن لە کاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆکەریکردن بۆ بێگانە و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکەی نیشتیمانی کە مێژووەکەی پڕ لە سەروەری و شانازییە، کاری بەردەوامی ئەو دەزگا هەواڵگرییە کە ئێستا و لەم ساتەوەختە هەستیارەی کە عێراقی پێداتێدەپەڕێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان بەردەوام بۆ پەردەپۆشکردنی پەڵە رەشەکانیان دەست بۆ سیناریۆ و پلانی دوژمنکارانە دەبەن.

خۆ ئەگەر ئەمشەو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بکشاندایەتەوە ئایا ئەمشەو ئەو ڤیدیۆیە بڵاو دەکرایەوە؟ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن کە باوەڕ بە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بکەن لە شەوی پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. 

ئێمە لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی رووندەکەینەوە:
١-  تەواوی ئەو ڕووداوەی لە ڕێککەوتی (7ی تشرینی یەکەمی 2022) لە شاری هەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە هەولێر کاردەکەن و بۆ جێبەجێکردنی مەرامە گڵاوەکانیان ئاڕاستەکراون. چەندینجار ڕامانگەیاندووە پێویستە پارتی و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە مەرامی ئەو گرووپە هەڵهاتووە لە یاسا ئاگاداربن کە ئێستا لە هەولێر نۆکەری بۆ وڵاتانی هەرێمی دەکەن. 

٢- ئەوانەی بە پیلان تۆمەتبارکراون ئەفسەری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانن، کە دەبوایە بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجوومەنەکە و جوانترکردنی پیلانەکەیان، ڕێوشوێنی یاساییان بگرتایە بەر نەک بە شێوەیەکی چەتەگەری دەستگیریان بکەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان بخەنە پاڵ. بەوپێیەی ئەو ئەنجوومەنە سەر بە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانە، لەمەشدا پارتی دەزگا نیشتیمانییەکان بۆ پلانە گڵاوەکانیان بەکار دەهێنێت.

٣- سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتدەکەینەوە و دڵنیاتان دەکەین خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەری سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە.

٤- داواکارین بۆ یەکلاکردنەوەی سیناریۆکە، تیمێکی پسپۆڕی بێلایەن لە (هێزەکانی عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا) لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت و خاوەندارێتی دۆسییەکە بکەن و تەواوی راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو.

٥- بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە دەزگای دژەتیرۆر وەک ھەمیشە لە سەنگەری پاراستنی خاکی کوردستان، سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری و ئاسایش و شکۆی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا رووبەڕووی هەر پیلانێک دەبینەوە کە ئارامی و سەقامگیری خەڵک بخاتە مەترسییەوە و داتاشینی سیناریۆی بێبنەما لەم ئەرکە پیرۆزە ساردمان ناکاتەوە.

٦.بەڕێز بەڕێوبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر، تەواوی ئەو دانپێدانانە رەتدەکاتەوە و هیچ کاتێک پێویستی نەکردووە ئەفسەری هەواڵگری، بەڕێوبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر ببینن، تەنیا یەکجار و لە ساڵی رابردوودا دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆریان کردوە، سەربە سەنتەری موسڵی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بوون و لەلایەن (عقید هاوکار) سەرپەرشتیکراون.

٧.روونیشیدەکینەوە دەزگای دژەتیرۆر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو ھێزەبووە باوەڕی بە پاراستنی خاکی کوردستان و خەڵکەکەی هەبووە و هەرگیز خۆی لەبەرپرسیارێتی نەدزیووەتەوە. هەر کارێکیش لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت بێترس و دوودڵی دەیکات. مێژوومان ئەمەی سەلماندووە و رووبەڕوونەوەی چەکدارانی داعش سەلمێنەری ئەم راستییەیە. دووپاتیشی دەکەینەوە خوێنی هیچ پێشمەرگە و ئەفسەرێک ناگۆڕینەوە بە هیچ دەستکەوتێکی تایبەت. هیچ شتێک لە خوێنی رۆڵەکانمان بەبەهاتر نییە و لەهیچ کەسێکیش خۆشنابین یاری بە چارەنووسیانەوە بکات.

٨. بە دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین هەر هێز و گرووپێکی لەیاسا دەرچوو بیەوێت شکۆی ئاسایشی هەرێم تێک بدات، بە گورزێکی نیشتمانییانەی کوردانە تێکی دەشکێنین. ئێمە داواکارین ئەو بارودۆخە بەپێی یاسا ڕاست بکرێتەوە ئەگەرنا بەڕوونی دەڵێین (لەجێی سندان قوزەڵقورتە).


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر-CTG

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو