ستران عەبدوڵڵا: بۆ مەسەلەی بەرکەوتنی وەزارەتەکان، روومان لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانیە، روومان لە پارتی نییە

  2022-10-24 16:47      262 جار بینراوە        کۆمێنت
ستران عەبدوڵا

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند بۆ مەسەلەی بەرکەوتنی وەزارەتەکان لە حکومەتی عیراقدا ئێمە روومان لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانیە  لە وەرگرتنی بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  روومان لە پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، خۆ ئەم حکومەتە حکومەتی پارتی نییە، داوای وەزارەتی لێ بکەین، ئەمە حکومەتی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانییە. 
ستران عەبدوڵلا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئاسمانی کەرکوک روونیکردەوە کە بەشێکی زۆری پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا لەسەر دوو بنەمایە، ھەم لەسەر دەنگ و ھەم لەسەر سەنگ، واتە ھەم لەسەر ژمارەی کورسییەکان و ھەم لەسەر سەنگی سیاسی لایەنە سیاسییەکانیش.
وتیشی: بەگوێرەی ئەو بەرکەوتنانە بێگومان چوار وەزارەت بەر کورد دەکەوێت و لەناو کوردیشدا وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە دوو وەزارەت شایستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
ستران عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە قسە و قسەڵۆک زۆرە وەکو چۆن لە مەسەلەی سەرۆکایەتی کۆماردا ھەمان ئەو گەڤکردن و خۆگیڤکردنەوە ھەبوو، بەڵام سەرەنجام پۆستەکە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی بووەوە، پێمان وایە بۆ مەسەلەی بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەزارەتەکانیشدا سەرکەوتوو دەبین. 
تەئکیدیشی کردەوە کە لە وەرگرتنی کۆی بەرکەوتەی کورد لەم حکومەتە یان وەرگرتنی ئەم چوار وەزارەتە پێکەوە بووینایە ئەوە داخوازییەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، خوا ئەوانە بگرێت کە جێبەجێیان نەکرد.
راشیگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بوارەدا خۆی بە کەمتەرخەم و نازانێت، بۆیە ئێمە لە بەرکەوتەکەی خۆمان روومان لە سەرۆکی حکومەتە  روومان لەدەستی دووەم نییە، بۆچی وەزارەت لە پارتی وەربگرین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو