روونکردنەوەیەک لەمەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەبارەت بە بوختاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی

  2022-11-02 18:02      242 جار بینراوە        کۆمێنت

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕوونكردنەوەیەکی چەواشەکارانەدا وەڵامی لێدوانە ڕاست و ڕەواکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی داوەتەوەو زۆر بە پەلەپروزێ كەوتۆتە شێواندنی زەقی راستییەكان و تێكەڵكردنی کاغەزەکان بەجۆرێ نەك هەر هاووڵاتیانی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن.
لەڕوونكردنەوەكەدا گوایە باس لە پەراوێزخستنی حزبیی دەكەن، لەكاتێكدا یەكێتیی بەوە دەناسرێتەوە هەمیشە سەرکردەو تێكۆشەرو خەباتگێرەكانی پێشڕەوو سەرمەشقن لەسەنگەری بەرگری لەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتیەكەیاندا.
روونكردنەوەکە تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان زۆر لەوە وشیارترن باوەڕ بەبوختانی وا بکەن. ڕاستێکەی ئەوەیە کە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پر خەوشەی دەنگدەران، بەبێ‌ هەمواركردنەوەیەکی گونجاو، بچینە ناو پرۆسەیەکی شێواوی هەڵبژاردنەوە، كە تەنهاو تەنها لەبەرژەوەندی پارتی و تەزویرە ئاشکرا و چەندبارە بووەکانیدایە.
 ئاخر هەڵبژاردن لەبنچینەدا بۆ گۆڕانکاری سیاسیی و دیموکراسی ڕاستەقینە دەکرێت. کە ئەو ئامانجانە بەدینەهێنێت، ئەوا وەک تەسدیقکرنی بەرنامە تەزویرەکەیانە کە ئێستا بۆتە فەرهەنگێک نەک لەدژی فرەحزبی کوردستان، بەڵکو لەدژی خودی کۆنگرەی پارتی و ئەندامەکانیشی تەشەنەی سەندووە.
بەشێکی بەلاغەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئایندەی هەرێم هەڵدەرێژێ و لەبیری دەباتەوە کە ئەوە پارتییە هەمیشە ئامادە بووەو ئامادەیە هەموو هەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ئیمارەتێكی بەر تەسک بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێ‌ بەناوی هەرێم و حكومەت و ئیدارەی کوردستانییەوە، پیلان و کەینوبەینە ئیقلیمییەکانیان شاهیدی ئەوەن و لەهەر تەنگژەیەکی سیاسیشدا ویستی هەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی هەمیشە بەشێک بووە لەپەیامی ئاشکراو نهێنییان.
ئەم ڕاستییە ئاشکرایانە بە دەلەسەی گوایە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی داناپۆشرێت، چونکە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەکانی وا زەقەکە کە ئێستا بۆتە مەترسی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ کوردستانی دروستکردووە.
روونکردنەوەی بوختانئامێزی مەکتەبی سیاسیی پارتی باس لەترسی دۆرانی هەڵبژاردن دەكات كە پارتی دەمێكە بەهای دیموکراسی لەهەڵبژاردنەکان دۆراندووەو ئەوە تەنها تەزویرو چاوسوركردنەوەیە ئەوانی لەگۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوکمڕانیدا هێشتۆتەوە. هەروەها ئەوە پارتییە دوو چەمكی (مونافەسە و دوژمنایەتی) تێكەڵ كردووە، چونکە هەر حزب و لایەنێك نەچێتە ژێر ركێفی وەهمی حزبی قائیدەوە و مل بۆ خۆسەپاندنەکەیان نەدات بەدوژمنیان زانیووەو بە داتاشینی سیناریۆی دەستكردی موخابەراتی و تەشهیری میدیایی تەخوینی دەکەن.
مەکتەبی سیاسی پارتی بە لوتبەرزییەوە دەڵێ: (ئێمە لەوە گەورەترین بچینە لای كەسی دیكە و گلەیی بكەین) ئەمەش هەمان فەرهەنگی عینادی و حیساب نەکردنە کە راوێژو بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان هێزەکانی کوردستانیشی پێ عەیبەیە، پێچەوانەی یەکێتی کە بۆ هەر هەنگاوێک بڕوای  بە تەكبیرو  راوێژ هەبووەو خۆی بەدوور گرتووە لەتاكڕەوی و خۆسەپێنی. راوێژی یەکێتی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەزموونی کوردستان بۆ سوڵح و شەفاعەت نەبووە لەگەڵ پارتیدا، بەڵكو بۆ خستنەڕووی نیگەرانییەکانی هەمووان بووە لە ئەدای خراپی حوكمڕانی و تاكڕەوی پارتی تا هەموولایەک لەهەر هەڵوێستێكی یەكێتیی ئاگاداربن، ئەگەر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان خراپە ئەی بۆچی دوای سەردانەكانی وەفدی یەكێتیی، تەنگەتاو بوون و گوایە (وەفدی حكومیان) پێكهێناو لەدەرگای لایەنەكانیان دا؟.
بوختاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باس لەكەیسی تیرۆركردنی شەهید (هاوكار جاف) دەكات، گوایە پێشوەختە ئاگاداری کردەوەکە بوون ئەی بۆچی هەوڵتان نەدا رێی لێ بگرن و فرمێسک و خوێنێک بۆ گەلەکەمان بگێرنەوە؟ یان ئەوە دەسەلمێنن كە رەنگە هەر خۆتان  و كەسانی راكردوو لە یاسا کە داڵدەتان داون،  بەرپرسن لەو رووداوە؟!، خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بکەین ئەوا پەرێزی مێژوویی پارتی قەت پاک نابێتەوەو تاوانەکان لەژماردن نایەن، کە تازەترینییان شەهیدكردنی كارمەندێكی ئاسایش بوو لە چەمچەماڵ و لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر كەسانی تر لەسنووری دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئەدی بۆچی ئەو دۆسێیانە دیزە بەدەرخۆنە كران و تاوانبارەكانتان لای خۆتان گلداوەتەوە و موعەزز موکەرەمن لەپایتەخت دەژین.
روونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت دوای داواکردنی چەند کەسێک لەلایەن دادگاوە گوایە هێرشی یەکێتی بۆ سەر پارتی دەست پێکردووە لەکاتێکدا قەرار بوو لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لەهەر کەیسێکی گوماناوی بکەن نەک هەر خۆیان ئیستفراد بەدادگاو لێکۆڵینەوە بکەن و سیناریۆ دا بتاشن و مۆری دادگای لێبدەن.
 دوا قسەمان دەڵێین ، لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، ئەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە كە هەمیشە نەرمی نواندووەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناکرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری کوردستان) كە تا ئێستا سنوورێكی دروستكراوی هەڵبەستنی رق و كینەی ناختانە,

هیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری ، بوغزو كینە، واهیمەی (حزبی قائید) و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لەکۆنگرەی سبەینێتاندا سیاسەتێکی نوێی کوردانەو دەربەستی سیاسی بگرنە بەرو بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن کە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لەنیوەی بگێرێتەوە.


مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
2-11-2022

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو