كۆسرەت رەسوڵ عەلی
2022-11-15 11:31     230 جار بینراوە      کۆمێنت
لە ساڵی 1952لە گوندی شیواشۆكی گەورەی سنووری قەزای كۆیە لەدایك بووە. ھەر لەسەرەتای لاوێتی و قۆناغە كانی خوێندنەوە تێكەڵ بە كاری سیاسیی و خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەبێت و سەرەتای كاری سیاسیشی دەچێتە ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1974دا بەشداری بەرچاوی دەبێت. لە كۆتایی ساڵی 1975دا پەیوەندیی بەڕیزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە دەكات و دەبێت بە سەرپەرشتیكاری رێكخستن و كاروچالاكیەكانی خوێندكاران. لە ساڵی 1976دا كۆسرەت رەسوڵ یەكێك بووە لەو ھەڤاڵانەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستانیان لە شاری كەركوك دامەزراندووە. جمووجۆڵ و چالاكییەكانی لەو كاتەدا بووەتە ھۆی ئەوەی لەساڵی1977 دا لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی بكرێت، پاش ماوەیەكی زۆریش لە زیندانی و ئەشكەنجەدان یەكێك بووە لەو پێنج خۆڕاگرە ئازایەی كە ھیچ جۆرە ئیعترافێكی نەكردووە و سەربەرزانە لەزیندان ھاتووەتە دەرەوە. ساڵی 1981 بۆتە ئەندامی سەركردایەتی رێكخستنەكانی ناوخۆی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و لەھەمان كاتدا لێپرسراوی رێكخستنە نھێنییەكانی ناو شاری ھەولێر بووە، كە چالاكی و جموجۆڵێكی سیاسی گەورە و بەرفراوانیان لەو شارەدا ئەنجامداوە. لە كۆنفرانسی 3ی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لە ساڵی 1983 دا بەئەندامی سەركردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ساڵی 1984 بووە بە لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ساڵی 1985بە سەختی برینداربووە، دواتر لە ساڵی 1986دا كە مەڵبەندەكانی 3 و4 دەكرێن بەیەك مەڵبەند كاك كۆسرەت دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەكە تاكو ساڵی1988، كە یەكێك بووە لە چالاكترین مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لەساڵی 1988ەوە تاكو ساڵی 1991ئەندامی ناوەندی كۆمەڵە بووە لێپرسراوی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە.
لە ساڵی 1991كە نەخشەی راپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی كوردستانی كە پێكھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسیەكانی ئەو كاتی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتیكردنی ئازادكردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا. لە راپەڕینی ساڵی 1991دا كاك كۆسرەت یەكێك بوو لە دیارترین ئەو سەركردانەی كە رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ئازاد كردنی شاری كەركوكدا. لەساڵی 1991دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی كوردستانیی سنوری پارێزگای ھەولێر.
ساڵی 1991لە داستانی كۆرێ توانی ھێرشەكانی رژێمی بەعس بوەستێنێت.
ساڵی 1991و 1992لێپرسراوی ھەردوو مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوەو مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكانی (ی.ن.ك) بووە.
ساڵی 1992بووە بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و 11-4- 1993، دەبێتە سەرۆكی كابینەی دووەمی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، 22-12-1994، جارێكی تر دەبێتەوە سەرۆكی كابینەی سێیەمی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تاوەكو ساڵی 2001.
ساڵی 1997بەھۆی ھێرشەكانی توركیا لە دۆڵی ھیران و نازەنین بەتۆپی دەبابەی توركیا بەسەختی بریندار دەبێت، كە تاوەكوو ئێستاش كاریگەری ئەوبرینداربونە بەجەستەیەوە دیارەو تەندروستی تێكچووە.
ساڵی 2001 بووە بە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لە 21-6-2006، كاك كۆسرەت وەك جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەستنیشان دەكرێت.
ھاوكات دەبێتە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لە ماوەی دەست بەكار بوونیشی وەك جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ، چەندین سەردانی رەسمی وڵاتانیشی كردووە كە دواھەمینیان سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دیداری لەگەڵ بوش.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەوە ناسراوە كە لە بەرپرسیارێتیدا زۆر سادەیەو ھەمیشە لەناو خەڵك و پێشمەرگەدا بووەو ھاوكاری تەواو خەڵكی فەقیرو ھەژاران بووەو سەركردەیەكی بەوەفا بووە بەرانبەر نەوەو كەسوكاری شەھیدان و بەیەكێك لەسەركردە خۆڕاگرەكان ناوی دەركردوە.
لەوكاتەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بووە، بەھۆی ھەژاری و خراپی بارودۆخی داراییان ھەزاران كەسی دامەزراندوەو رۆڵێكی گرینگی ھەبووە لەخزمەتكردنی سنووری قەزای كۆیە.
ساڵی 1977 لەگەڵ خاتوو (ئەمیرە) ژیانی ھاوسەری پێكھێناوەو دەبێتە خاوەنی شەش كوڕو یەك كچ، بەناوەكانی (پێشڕە ـ ئاراس ـ رێباز ـ دەرباز ـ شاڵاو ـ شاكێو ـ رێناس) دوو كوری بەناوەكانی (پیشرەو و ئاراس) لەسماقوڵی شەھید دەبن و كوڕێكی بەناوی (رێباز) بەڕووداوی ھاتووچۆ گیان لەدەست دەدات.
لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ھەڵبژێردراوە.
كۆسرەت رەسوڵ زمانەكانی كوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە.
بابەتی زیاتر
دكتۆر خالید
2022-12-13 11:46
عومەر دەبابە
2022-12-08 11:50
عەلی عەسكەری
2022-12-08 11:08
خاڵە شیهاب
2022-12-08 09:18