د. فوئاد مەعسوم

  2022-11-17 10:57      278 جار بینراوە        کۆمێنت

یەكەم سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بوو.
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و سەرۆكی كۆماری عیراق لە ساڵانی 2014 – 2018.
لە21-3-1938 لەشاری كۆیە لەدایكبووە.
باوكی، مەلا مەعسوم، كەسایەتییەكی ئاینیی ناسراو و بەرچاوڕوون و كراوەی كۆیە بوو، لە مزگەوت وانەی ئاینیی بە فەقێكان وتۆتەوە.  
سەرەڕای پێشینەی ئاینیی، لەسەرەتای گەنجێتیدا بیروباوەڕی كۆمۆنیزم زۆر سەرنجی راكێشاوەو لەو ماوەیەدا لایەنگری پارتی كۆمۆنیستی عیراق بووە بەڵام هەرگیز نەبووە بە ئەندامی ئەم حزبە. ساڵی 1958 لە بیروباوەڕی كۆمۆنیزم دووركەوتەوەو رێبازی كوردایەتی هەڵبژارد. هەر لەو ساڵەشدا بۆ خوێندن لەزانكۆی ئەزهەر چوو بۆ میسر.
لە زانكۆی ئەزهەر لە كۆلێژی شەریعەو یاسا وەرگیراو هەر لەو زانكۆیە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی وەرگرت. ساڵی 1962بۆ خوێندنی باڵا رووی لە زانكۆی عێن شەمسی قاهیرە كرد و لە بەشی فەلسەفە دەستی بە خوێندن كرد بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی ماجستێر. لەو ماوەیەدا هەم خەریكی خوێندن بوو هەم خەریكی كاركردن بوو لە رادیۆی كوردیی قاهیرە كە لە ژێر سەرپەرشتی حكومەتی میسردا بوو.
ساڵی 1965كرایە جێگری نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە قاهیرە.
ساڵی 1967بڕوانامەی ماجستێری فەلسەفەی بەدەست هێناوە.
ساڵی 1968گەڕایەوە بۆ عیراق و لە زانكۆی بەسرە بە مامۆستا دامەزرا، لە سالی 1972دا مۆڵەتی خویندنی دكتۆرای لە زانكۆ وەرگرت و گەڕایەوە بۆ میسر، هەر ئەو ساڵە كرایە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە قاهیرە 
ساڵی 1975، پاش هەرەس هێنانی شۆڕش دوا بەدوای رێككەوتننامەی جەزایر لەنێوان عیراق و ئێران، لەگەڵ  مام جەلال  بەشدارییەكی كارای لەدامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كردو لەو4 كەسە بوو كە بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتییان لە 22ی ئایاردا لە دیمەشق بڵاوكردەوە، بەشدارییەكی كارای لە دەركردنی ژمارەكانی خولی یەكەمی رۆژنامەی شەرارەدا كردووە دواتریش ئەركی سەرنوسەری گرتە ئەستۆ.
لە كۆتایی ساڵی 1980دا لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەو كادیرەكانی یەكێتیدا لەوانە عومەر شێخموس و دكتۆر كەمال خۆشناو، چوو بۆ توركیاو لەوێوە بە رێگەی قاچاخ لە سنوری نێودەوڵەتی توركیا- ئێران پەڕییەوەو بە ناو ئێراندا خۆی گەیاندە ناوزەنگ كە بارەگای  سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی لێ بوو.
ساڵی 1980لێپرسراویەتیی یەكەم ئۆفیسی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەتارانی پایتەختی ئێران پێ سپێردرا.
لە كۆنفرانسی یەكەمی یەكێتی شۆڕشگێڕان لەگوندی خەتێی ناوچەی خۆشناوەتی لە ساڵی 1983، بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، پاش دەست لەكاركێشانەوەی تاڵەبانی لەپۆستی سكرتێری یەكێتیی شۆڕشگێڕان، مەعسوم لە جێی تاڵەبانی بە سكرتێر هەڵبژێردرا.
لە كۆنفرانسی دووەمی یەكێتیی شۆڕشگێڕان كە ساڵ 1984لە مێرگەپان بەسترا، بەسكرتێری یەكێتیی شۆڕشگێڕان هەڵبژێردرایەوە، هەر ئەو ساڵە بەشداریی لە چەند خولێكی وتووێژی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حكومەتی عیراقدا كرد.
ساڵی 1987بەشدارییەكی كارای لە هەوڵ و كۆشش و گفتوگۆیانەدا كرد كە پێكهێنانی بەرەی كوردستانییان لێ كەوتەوە. لە كۆنگرەی یەكەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1992، بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی و پاش كۆنگرە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستاندا بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراو دواتر ئەوەی پێ راسپێردرا كە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنێت، لە 17ی ئازاری 1993دەستی لەكار كێشایەوەو لەم سەروبەندەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی راسپێردرا دووەم كابینەی حكومەتی هەرێم پێك بهێنێت.
ساڵی 2000 پێشنیاری پێكهێنانی ئەنجومەنی ناوەندی كرد تاكو لە ناو حزب رۆڵی دەزگایەكی چاودێر بگێڕێ و لەم بوارەدا چەند كۆڕو سیمینارێكی بۆ بانگەشەكردن بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پێشنیاركراو سازكرد.
لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 2001، بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتیی هەڵبژێردرایەوە.
پاش روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، رۆڵێكی بەرچاوی لە رێكخستنی پەیوەندییەكانی كورد لە بەغدا گێڕا، لە ئابی ئەو ساڵەدا بە سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی دەستووریی عیراق هەڵبژێردرا، لە ساڵی 2004 بە سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كاتی عیراق هەڵبژێردرا كە لەو قۆناغە راگوزەردا رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی دیووە، لەو ماوەیەدا بەشدارییەكی بەرچاوی لەنوسینی دەستوری عیراقدا كردو لەم بەشداریكردنەدا هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ دەستەبەركردنی مافی كورد چڕ كردەوە.
لە هەڵبژراردنی ساڵی 2005ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ئەندامی ئەنجومەن لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كورستانی هەڵبژێردراو دواتر سەرۆكایەتیی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی پێ سپێردرا. ساڵی 2009دیسان لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرایەوەو ئەمجارەش لێپرسراویەتی سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانیی پێ سپێردرایەوە.
لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 2010، خۆی بۆ ئەندامیەتیی ئەنجومەنی ناوەند هەڵبژاردو زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا.
لە 24ی تەموزی 2014 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەسەرۆكی كۆماری عیراق هەڵبژێردرا، وەك دووەم سەرۆك كۆماری كورد تا 2-10-2018، لەوپۆستە بەردەوامبوو.
د. فوئاد مەعسوم، جگە لەزمانی دایك زمانەكانی (عەرەبی - فارسی - ئینگلیزی) دەزانێت و هەروەها بەشداریكردووە لەچەندین لیژنەی موناقەشەی تێزی ماجستێرو دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستاندا.
كتێبێكی بەناوی (اخوان الصفا‌و- فلسفتهم و غایتهم) چاپ و بڵاوبۆتەوەو چەندین نوسینی جیاجیای لەڕۆژنامە كوردی و عەرەبییەكاندا بڵاوبۆتەوە.

بابەتی زیاتر

دكتۆر خالید 2022-12-13 11:46
خاڵە شیهاب 2022-12-08 09:18

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو