بافڵ جەلال تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق کۆبوونەوە

  2022-11-21 21:27      125 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی کرا و پشتیوانی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت جەختیلێکرایەوە.

سەرۆک بافڵ باسی لە گرنگی و پێویستی یەکدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ‌حکومەتی نوێ و وتی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی یاسا لە گرنگترین کارەکانی حکومەتە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

ئەزموونی حوکمڕانی و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ راشکانەوە هەڵوێستی یەکێتی و خراپی دۆخی هاوڵاتییانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان روونکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو ناوچانە دەکات، بەشێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاوڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت و لە هیچ هێز و لایەنێکی قبووڵ نەکردووە و نایکات کە خەڵکەکەی وەک هاوڵاتی پلەدوو سەیربکرێت، گەمارۆی سیاسییان بخرێتەسەر و وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەرمان بەکاربهێنرێت. بەداخەوە حکومەت بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم سیاسەتە ناتەندروستە ناکاتەوە و ئەم پەیامەشمان بە هەموو نێردە سیاسییەکان و حزبە کوردستانییەکان راگەیاندووە. سەرباری ئەوانەش ئێمە داوامانکردووە هەر رێکارێکی یاسایی یاخود سیستمێکی جیهانی کە هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی دادگەرانە، لێرە جێبەجێبکرێت تاوەکو هەموو هاوڵاتییانی هەرێم سوودمەندبن.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو