سەرۆک بافڵ: دەبێت کێشەکانی مامۆستایان چارەسەر بکرێن و خوێندن بەزمانی کوردی لەکەرکوک بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت
2022-11-21 21:32     152 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئیبراھیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عیراق.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن کرا و چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ خوێندکاران و مامۆستایان وەک یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی کۆمەڵگە جەختیلێکرایەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە کێشەی خوێندن بە زمانی کوردی و راژەی مامۆستایان کرد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی مامۆستایان چارەسەر بکرێن و خوێندن بە زمانی کوردی لە شاری کەرکوک بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوامانکردووە راژەی مامۆستایان بگوێزرێتەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی عیراق و مافە یاساییەکانیان بەدەستبهێنن. کە ئەمەش یەکێک بووە لەو خاڵە گرنگانەی لە کارنامەی حکومەتی نوێ جێگیرکراوە و پرۆژەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
کێشەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن و خوێندکارانی خوێندنگەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکیتر بوو لە تەوەرەکانی دیدارەکە و سەرۆک بافڵ وتی، ئێمە لە خەمی بەرەوپێشچوونی ئەو کەرتە گرنگەی کۆمەڵگەین و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت، کارەکانیشمان لە رابردوودا بۆ خزمەتی خوێندکاران و مامۆستایان دەرخەری ئەو راستییەن. لە کاتێکدا ئەرکی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ خوێندکاران و مامۆستایان بڕەخسێنن و هەنگاو بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدا بنێن.
لە بەرامبەردا ئیبراھیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عیراق ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ خزمەتی پەروەردە و پرۆسەی فێرکردن و رایگەیاند، بەڵێن دەدەین بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکەین و لیژنەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکبهێنین تاوەکو بتوانین خزمەتی خوێندن بە زمانی کوردی و مامۆستایان بکەین.
بابەتی زیاتر