یەكێتیی بانگهێشتی كەسی یەكەمی هێزە كوردستانییەكان دەكات
2022-11-23 15:08     202 جار بینراوە      کۆمێنت
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرەسمی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ كۆبوونەوەیەك كە بڕیارە سبەی لە هاوینەهەواری دوكان بەرێوەبچێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند تەوەرێكی گرنگ باس دەكرێت.
یەكێتی كەسی یەكەمی حزبەكان بانگهێشت دەكات
سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بە ئامادەبوونی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكێتی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان".
یەكێتی كۆدەنگی لایەنەكانی دەوێت
"تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عیراق، یەكێتی دەیەوێت كۆدەنگی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور و لەسەر بەرژەوەندی گشتی". لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وادەڵێت.
سالار سەرحەد دەڵێت: "یەكێتی لەم كۆبوونەوەیەدا كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی كورسی و لەسەر بنەمای یەكدەنگی هاوبەش بۆ پرسە نیشتمانییەكان بانگهێشتكردووە".
سەرۆك بافڵ خەمخۆری چارەسەری كێشەكان
لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی راشیگەیاند: "ئەم كۆبوونەوەیەی سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خەمخۆرییە بۆ چارەسەری ریشەیی كێشەكان و ئەمەش ئەو سیاسەتە دروستەیە كە هەرێمی كوردستان و عیراق پێویستی پێیەتی و هەمان ئەو سیاسەتەیە كە سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەی بۆ داناوە".
"یەكێتی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەركردەی پارتە سیاسییەكان هەیە بۆ گەرموگوڕی بەشداریان لەو كۆبوونەوەیە و تێگەیشتنیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەت كێشە چارەنووسسازەكان" سالار سەرحەد وادەڵێت.
بانگهێشتنامەی كۆبوونەوەكە لەلایەن مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ئاڕاستەی كەسی یەكەمی حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كراوەو بڕیارە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ 24-11-2022 لە هاوینەهەواری دوكان ئەنجامبدرێت.
بابەتی زیاتر