پەیماننامەی لۆزان
2022-11-29 11:43     713 جار بینراوە      کۆمێنت
پەیماننامەی لۆزان لە 24ی تەموزی 1923دا، لەشاری (لۆزان)ی سویسرا پەیمانێكی تر لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا و توركیا)، بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سێڤردا كرا، لەم كۆنگرەیەدا (عیصمەت ئینونو)ی سەرۆك وەزیرانی توركیا، وەك نوێنەری توركیا و (لۆرد كرزن) سیاسەتمەداری ئینگلیز وەك نوێنەری بەریتانیا لەسەر بابەتی ناوچەی موسڵ كەوتنە گفتوگۆیەكی درێژخایەن، توركیا لەبەرئەوەی پەیماننامەی سێڤری بەزۆر واژوو كردبوو لەبەر دۆڕانی لەجەنگدا، بۆیە دەیویست حكومەتی نوێ بەچاوێكی دیكەوە سەیربكرێت.
شكستی پەیماننامەی سێڤر:
ئەو هۆكارانەی كە وای كرد پەیمانی سێڤر سەر نەگرێت و بریتی بوون لە:
1- بەهێزبوونی كەمالیەكان، وە ئەو سەركەوتنە گەورانەی كە كە كەمالی و (عیصمەت ئینونوی) سەركردەی كەمالیەكان بەدەستیان هێنا، چونكە كەمالیەكان بەسەركردایەتی (مستەفا كەمالی – كە دواتر ناسرا بە كەمال ئەتاتورك) هەر لە سەرەتاوە دژایەتی ئەم پەیمانەیان دەكرد.
2- گۆڕانی سیاسەتی بەریتانیا كە لە سەرتاوە پشتگیری لە مافەكانی كورد دەكات بەڵام دواتر وازی لێ دەهێنێت، ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری لەپشتەوە بوو لەوانە:
لاوازی سەركردایەتی كورد و هەروەها دۆستایەتی و پشتگیری ڕووسەكان بۆ كەمالیەكان كە ئەمەش ترسێكی گەورەی بۆ بەریتانیا دروست كرد، كە دەیویست بیری كۆمۆنیستی بڵاوبكاتەوە، بەریتانیاش كەوتە سەر ئەوەی گۆڕان لە سیاسەتی خۆیدا بكات و كەمالیەكان بەلای خۆیدا كەمەندكێش بكات.
3- هۆكارێكی تر بریتی بوو لەوەی كە ئیتاڵیا و فەڕەنسا كە پێشتر هەردووكیان لە سێڤردا بەشداربوون، بەڵام دواتر دوو ڕێككەوتن لەگەڵ كەمالیەكاندا دەبەستن واز لە كۆمەڵێك مافی خۆیان دەهێنن لە ناوچەكەدا، بەهەمان شێوەی بەریتانیا ئەم ڕێككەوتنە وای لە بەریتانیا كرد سیاسەتی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت دۆستەكانی خۆی لەدەست نەچێت.
4- هۆكاری یۆنانیش هەیە ئەویش ئەوەبوو كە سەرۆك وەزیرانی نوێ لە یۆناندا هەوڵیدا پەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی تر هەڵبداتەوە و پەیڕەوی سیاسەتی ئاشتی دەكرد.
5- هۆكاری ئەرمەنی، چونكە ئەوەی لە پەیمانەكەدا هاتبوو سەبارەتی بە بەڵێندان بە دروست كردنی دەوڵەتێكی كوردی ئەرمەنیەكانی ترساند، وە ئەمەیان بەدژی بەڵێنەكانی خۆیان دەزانی كە پێیان درابوو، هەر بۆیە دژایەتیەكی یەكجار زۆریان بۆ سیڤەر هەبوو. ئەمەو جگە لەوەی بەریتانیا و فەڕەنسیەكان كێشەی ئەوەیان هەبوو كە دانانی مەلیك فەیسەڵ بۆ مەلیكی عێراق كە ئەمەش هۆكارێكی ناڕاستەخۆبوو لە دووركەوتنەوەیان لەیەكتری و سەرنەگرتنی ئەم پەیماننامە.
ئەنجام:
دوای چەندین دانیشتن گەیشتنە چەند خاڵێك لەوانە:
1- وەفدی توركی و ئیتاڵی لەڕاستەوە بۆ چەپ: جۆسبی فۆڵبی، ڕۆمبی ئۆغلۆ فەخرەدین، گۆیدۆ فۆزیناتۆ، محەمەد نابی بەگ، بیترۆ بیرتۆلینی.
2- ماددەی (37) كە دەڵێت: حكومەتی توركیا مافی هەیە بڕیار دەربكات كە دەگونجێت لەگەڵ بڕیارەكانیدا.
3- ماددەی (38): حكومەتی توركیا بەڵێن بە دانیشتوانی توركیا دەدات كە بەرگری لە ماف و سامان و سەربەستییان بكات بەبێ جیاوازی (ڕەگەز و زمان و ئایین).
4- ماددەی (39): حكومەتی توركیا هیچ كۆسپێك ناخاتە بەردەم كەس كە لە ژێر چاودێری توركیادان، هەروەها ئازادن بە زمانی خۆیان بازرگانی و ڕۆژنامەگەری و خواپەرستی و چاپەمەنی و هەموو چالاكی سیاسی خۆیان بكەن.
سەرچاوەكان:
1- حسین مدنی: كوردستان و ئیستراتیژی دەوڵەتان، بەشی یەكەم، چاپی یەكەم، 2000هەولێر.
2- ارشاك سافرستیان: مێژووی كوردو كوردستان، وەرگێڕانی/ عەبدوڵا شاڵی، چاپی یەكەم، سلێمانی، 1960ز.
3- بۆردی نوسەرانی ئینسكلۆپیدیای زانیاری كوردستان والمسالە الكوردیە، گبعە الپانی، موسسە موكریان، اربیل 2009.
بابەتی زیاتر
پەیماننامەی سێڤر
2022-11-29 09:39