عەلی عەسكەری

  2022-12-08 11:08      342 جار بینراوە        کۆمێنت

كوڕی شێخ عەبدوڵڵا و برازای شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵەیە كە شێخی تەریقەتە.
ساڵی 1937 لەگوندی (عەسكەر) لەدایكبووە، شێخ عەبدوڵڵای باوكی یەكێك بووە لەلایەنگرە دڵسۆزەكانی شێخ مەحمودی نەمر.
شەهید عەلی عەسكەری لە سەردەمی لاوێتیداو ئەو كاتەی خوێندكاری ئامادەیی بوو لە كەركوك پەیوەندیكردووە بە یەكێتی قوتابیانی كوردستان-ەوە و دواتریش بووە بەئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە ئەنجامی چالاكییەكانیدا لەهەردوو رێكخراوی قوتابیان و لاواندا بوو بەئەندامی لیژنەی باڵاو دوای 14-7-1958 بوو بەئەندامی لیژنەی ناوچەی كەركوك و لە یەكەمین كۆنگرەی ئاشكرای پارتی-دا ساڵی 1960 بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردرا.
لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلولدا وەك لێپرسراوی پێشمەرگە لە بادینان مایەوە تا ساڵی 1962. رۆڵێكی گەورەی بینی لە رێكخستنی هێزەكان و بەرزكردنەوەی ورەی جەماوەری ناوچەكەو سەركردایەتی چەندین شەڕیشی كرد. دواتر گەڕایەوە ناوچەی سلێمانی و بوو بە فەرماندەی هێزی خەبات.
ساڵی 1964 پەیوەندیكرد بە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی-یەوە.
ساڵی 1974 كە شەڕ هەڵگیرسایەوەو هێرشی سوپای عیراق بۆ سەر ناوچەكانی نزیك بارەگای بزووتنەوەكە دەستیپێكرد، پاراستنی ئەو ناوچەیە رووبەڕووی شەهید عەلی عەسكەری كرایەوەو ناوچەكەی پاراست.
دوای راگەیاندنی رێككەوتننامەی جەزائیرو هەرەسهێنانی بزووتنەوەكە عەلی عەسكەری لەگەڵ هەندێ هاوڕێی نزیكیدا گەڕایەوە باشووری كوردستان و رێكخراوی (بزووتنەوە)یان دامەزراند، حكومەتی بەغدا دوریخستەوە بۆ باشووری عیراق.
لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندی پێوە كراو لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی نوێدا خۆی گەیاندە هێزی پێشمەرگەو بەمەش تەوژمێكی گەورەی بەجوڵانەوەكە بەخشی.
لە یەكەمین كۆبوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەڵبژێردرا.
شەهید عەلی عەسكەری مرۆڤێكی ئازاو چاونەترس بوو، لە كارەساتی هەكاریی-دا رۆژی 7-7-1978 بەدیلی شەهید كرا.

بابەتی زیاتر

دكتۆر خالید 2022-12-13 11:46
خاڵە شیهاب 2022-12-08 09:18

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو