عومەر دەبابە
2022-12-08 11:50     379 جار بینراوە      کۆمێنت
عومەری سۆفی مستەفا كە لە ناو هەڤاڵەكانیدا بە كاكە دەبابە و كاكی كاكان ناسرا بوو، ساڵی 1924 لە شاری كۆیە لەدایكبووە، لەوێش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواوكردووە دواتر چۆتە كەركوك و لەوێ بووەتە ئەندامی حزبی هیواو پاشان ئەندامی كۆمەڵەی (ژ.ك) كە ناوەندەكەی لە شاری (مەهاباد) بوو.
كاكە دەبابە رۆڵەیەكی جوامێرو ئازاو دڵسۆزو بیرڕووناك بووەو خەمخۆرێكی كەم وێنەی دۆست و هەڤاڵەكانی بووە، بۆیە نازناوی كاكی كاكان-یان لێناوە، لە ژیانی كوردایەتیدا دلێرو ئازاو لەخۆبردوو بووەو هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەبات و رۆڵەی كارە گرنگ و نهێنییەكانی بوو، ساڵی 1943-1944 چۆتە كولێژی هەندەسە لەبەغداو هەر لەوێش بووەتە ئەندامی حزبی (رزگاری) كوردی.
لەدامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردی عیراقدا بۆتە ئەندامێكی چالاك و كۆڵنەدەری پارتی و لە هەموو چالاكی و كۆبوونەوەو زەماوەندەكانی نەورۆزو خۆپیشاندانەكانی شاری (بەغدا)شدا شۆڕِە سواری مەیدانەكان بووەو بەئازایەتی و خۆڕاگریی ناوی دەركردووە.
لەخۆپیشاندانەكانی (وەسبەی كانوونی دووەمی 1948) دا كە ئەوسا لەقۆناغی سێهەمی كولیەی حقوقی بەغدا بووە، قارەمانی خۆپشاندەرەكان بوو، لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەراندا وەك دەبابە دڕی بەپۆلیس و جاسوسەكانی میری دەداو خۆپیشاندانەكانی بۆ پێشەوە دەبرد.
جارێكیشیان برینداریان كردووە بەڵام برینەكەی سووك بوو. لەخۆپیشاندانی كانوونی دووەمی 1949 دا گیراو درا بەمەحكەمەی عورفی و ساڵێك حوكمدراو ماوەكەی لەزیندانی (كوت) بردە سەر پاش تەواوكردنی ماوەی زیندانیەكە دەچێتەوە كولیەی حقوق و لەساڵی 1951-1952 تەواویدەكات و دەبێتە پارێزەر.
لە كۆنگرەی سێیەمینی پارتیدا كەلە كانوونی دووەمی 1953 لەكەركوك بەنهێنی بەسترا، بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوە، كاكی كاكان لەهەموو شاڵاوە رەشبگیرییەكانی رژێمدا بەر لافاو و شاڵاوی گرتنوو راونان و نەفیكردن كەوتووە.
لەدوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی 1958 لەكەركوك لێپرسراوی رێكخستنەكانی پارتی و هەڵسوڕێنەری رێكخراوە دیموكراتەكانی كرێكاران و لاوان و خوێندكاران و ژنان بووە.
لەسەرەتای ساڵی1961 گیراوەو بەڵام توانیویەتی لەزیندان خۆی دەربازبكات و دەستبداتە خەباتی نهێنی و ئینجا خەباتی چەكداری كە لە شۆرشی ئەیلوول-دا دەورێكی گرنگی هەبووەو بووەتە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە ناوچەی پارێزگای هەولێر. ئیتر هەتا كۆتایی شۆڕشی ئەیلوول كاكە دەبابە قارەمانێكی نەبەزی شۆڕشەكەو پاڵەوانی زوربەی داستانەكانی بووە.
لەساڵی 1969دا بووەتە خاوەنی رۆژنامەی (النور)و سەردانی هەندێ وڵاتیشی كردووە وەك ئەڵمانیای دیموكرات و میسرو سودان...هتد. لەدوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول چووەتە ئێران و لەوێ زۆر زوو گەڕاوەتە عیراق.
لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا خۆی گەیاندۆتە شاخەكان و پێشتریش دەورێكی گرنگی هەبوو لە دروستكردنی جوڵانەوەی سۆشیالیستی كوردستاندا.
ماوەیەك بۆتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و لەشاخ ژیاوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی دڵەوە رێگەی پێدراوە كە بچێتە ئەوروپا بۆ درێژە پێدانی خەباتی سیاسی لەوێ لەدوای راپەرین وەك ئەندامێكی لیژنەی باڵای بەرەی كوردستانی و سەرۆكی مەحكەمەی باڵای شۆڕش خزمەتیكردووە، هەروەها لەگەشەپێدانی راپەرین و ی.ن.ك و بەرەی كوردستانیدا دەورێكی دیاری هەبووە.
لەخۆسازدانیشدا بۆ كۆنگرەی یەكەمی ی.ن.ك باڵادەست بوو، بەڵام لەناو هۆڵی كۆنگرە رۆژی 29ی كانوونی دووەمی ساڵی 1992 سەكتەی دڵی تووش هات و كۆچی دوایی كرد.
بابەتی زیاتر
دكتۆر خالید
2022-12-13 11:46
عەلی عەسكەری
2022-12-08 11:08
خاڵە شیهاب
2022-12-08 09:18
شەوكەت حاجی مشیر
2022-12-06 12:22