سەرۆک بافڵ: شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە
2022-12-12 19:49     268 جار بینراوە      کۆمێنت
ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، هاوڕێ و فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ کە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە هەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا هەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو هەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و هاوخوێنەکانی. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام هێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت.
گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و هێزە تۆکمەکەی بە دوژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو هەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە.
باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو هێزەی دروستیکردبوو بەهیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان هەموویان بە هەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەها باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، کە ئەمەش لوتکەی وەفاداری و قوربانیدانە.
درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا هەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین.
لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەهید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بابەتی زیاتر