خانمی یەکەمی عێراق بازاڕ و ژمارەیەک شوێنەوارو خانوی دێرین و پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی مەولەوی بەسەردەکاتەوە

  2022-12-12 21:38      160 جار بینراوە        کۆمێنت

خانمی یەکەمی عێراق بازاڕ و ژمارەیەک شوێنەوار و خانوی دێرین و پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی مەولەوی بەسەردەکاتەوە 

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 12ی12ی2022 سەردانی ناو بازاڕی سلێمانی کردو لەگەشتێکی مەیدانیدا هاوڕێ لەگەڵ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و هاشم عەبدوڵا بەرێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، بەردەرکی سەرا و ژمارەیەک باڵەخانە و خانووی کەلەپوری و دێرینی شار و پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەوی بەسەرکردەوە.
سەرەتا خاتوو شاناز سەردانی سەرای کۆنی سلێمانی کردو لەنزیکەوە لەو گرفتانەی رووانی کەرووبەڕووی خانووە کەلەپوری و کۆنەکانی شاربۆتەوە، پاشان بۆ ساتێک گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی سلێمانی لەنێو ئوتێل فەرەح لەناوجەرگەی بازاڕدا پشووی دا و لەگفتوگۆیەکدا باس لەگرنگی پاراستنی ئەم باڵەخانە دێرینانەکرا وەک بەشێک لەناسنامە و شارستانییەت و کلتوری شاری شاران.
دوایین وێستگەی سەردانەکەی خانمی یەکەمی عێراق بەسەرکردنەوەی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەوی بوو کە لەسەر تێچووی بەرێزیان کاری تێدا دەکرێت تا بەشێوازە کلتورییە کۆنەکەی خۆی و بەبەکارهێنانی بەردی هەورامان و لەسەر دەستی ژمارەیەک پیشەوەری بەئەزمون بنەخشێنرێت و ببێتە وێستگەیەکی سەرنجراکێشی دەروازەی بازاڕ و چەقی شار کەڕووی جوانی سلێمانی پیشانی گەشتیاران بدات، خاتوو شاناز لەمبارەیەوە ووتی: هەندێک بیرۆکەی نوێ و جوان هاتۆتە پێشەوە کەبۆی زیاد دەکرێت، هیوادارم ئەم پرۆژەیە جوانییەکی تر ببەخشێت بەشاری شاران.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو