دكتۆر خالید
2022-12-13 11:46     264 جار بینراوە      کۆمێنت
دكتۆر خالید، ساڵی 1934 لەبنەماڵەیەكی نیشتمان پەروەرو تێكۆشەرو دیاری شاری كۆیە لەدایك بووە، باوكی حاجی حەمە سەعید ئەسعەد یەكێك بوو لە گەورە پیاوانی غەفوریەكان.
هەر لە كۆیەش قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی وناوەندی تەواو كردووە، دواتر لەشاری كەركوك لە پەیمانگای برین پێچینەوە درێژەی بە خوێندن داوە. پاش تەواوكردنی خوێندن لە نەخۆشخانەی كۆیە دامەزراوە.
لەسەردەمی لاویەتییەوە تێكەڵاوی چالاكی و كاری سیاسی بووە، لە ساڵانی 1947 تا 1948 بەهۆی چەند مامۆستایەكی نیشتمان پەروەرو ناسراو وەك: حەمە رەفیق مەعروف و عوسمان حەسەن و قادر ئەسعەد بۆتە ئەندامی كۆمەڵەی پێشكەوتنی قوتابیان وپاشان بەشداری كردووە لە یەكێتیی قوتابیانیی كوردستان.
دوای شۆرشی 14 تەموزی 1958 بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە وەك كادرێكی لێهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان و لەشاری كۆیە ناوی دەركردووە.
كاتێ كە شۆرشی ئەیلول دەستی پێكرد، دكتۆر خالید لەیەكەمین دەستەی پێشمەرگایەتی دابوو.
پێش شۆرشی ئەیلول لەناو لیژنەی كۆیە وەك باڵێكی سەربازی بە سەرۆكایەتی خۆی كاری ئەكرد. بەمەبەستی پەیداكردنی چەك و تەقەمەنی سەفەرێكی كرد بۆ حاجی ئۆمەران، هەر لەم كاتانە ئەمری گرتنی دەرچووە بۆیە ئەویش رووی لە چیاكانی قەندیل و شیشار و سەفین كرد
لەپێشمەرگایەتیش ئەو كاتە بە ئازایەتی و لێوەشایی ناسراو بوو، لە ناو پێشمەرگە زۆر خۆشەویست و بەڕێز بوو، هەر لەبەر ئەم سیفاتانە بوو بە سەرلق لە حاجی قەڵا لەساڵی 1963.
لە ساڵی 1964 بوو بە سەرلق لە دەشتی كۆیە و پاشان بوو بە ئامر بەتالیۆن بەدرێژایی شۆرشی ئەیلول. لە دەیان شەرو چالاكی بەشداری كردووە و هەموو كات لە ریزی یەكەم بووە.
پاش دەرچوونی بەیانی 11 ئازاری ساڵی 1970 تا 1974 لەشاری بەغدا نیشتەجێبووەو لەنەخۆشخانەی نعمان بوو بە بەڕێوەبەری كارگێریی.
كاتێ كە شۆرش هەڵگیرساوە دكتۆر خالید پەیوەندی كردووەو بوو بە ئامر بەتالیۆن و پاشان بوو بە ئامر هێزی كۆسرەت و لە دواییش بوو بە فەرماندەی هێزی گەرۆك. وەك هێزێك لە هەر ناوچەیەك پێویستیان پێبووبێت فریایان كەوتووە و لە زۆربەی جەبهەكان گەراوە و بەشداری شەرو چالاكیەكانی كردووە.
لەساڵی 1975 پاش پەیماننامەی جەزاییرو پیلانی دوژمنانی كورد بۆ توانەوەی بزوتنەوەی كورد لە كوردستان. دكتۆر خالید یەكێك بووە لەو كادیرە بەرچاوانە كە نەیان ویستووە چەك دانێن و خۆ بەدەست بدەن و لەگەڵ چەند كادرێكی تری نیشتمان پەروەر و شۆرشگێر چەند كۆبوونەوەیەك ئەكەن بۆ بەردەوام بوون لە شۆرش و نەهێلن پیلانی دوژمنان سەربگرێت و ئاش بەتاڵ بە شۆرشی ئەیلول بكرێت. بەڵام سەركردایەتی كورد لەم كاتەدا نەك هەر یارمەتیان نەداوون بەڵكو رێگریش بوونە لە بەردەوام بوونی شۆرش.
دوای نائوومێدی لەو هەوڵەشیان ئەچن بۆ كوردستانی ئێران و چەند كۆبوونەوەك لە نەغەدەو ئورمێ ساز دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەم وەزعە تازەیەو لەدواییدا لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی تردا بڕیاریان دا بگەرێنەوە بۆ كوردستان بۆ ئەوەی درێژە بەخەباتی سیاسی و جەماوەری بدەن و هەر لەم كۆبوونەوە بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان پێكدەهێنن لەگەڵ هەڤاڵان شەهید عەلی عەسكەری، شەهید عومەر دەبابە، شەهید رەسول مامەند، شەهید تایر عەلی والی، شەهید عەلی هەژار، شەهید سەعدی گچكەو شەهید كاردۆ گەڵاڵی و چەند هەڤاڵێكی تر.
پاش گەرانەوەیان بۆ عیراق، رژێم دكتۆر خالیدو كاك عەلی عەسكەری و كاك عومەر دەبابەیان دوور خستەوە لە كوردستان بۆ ئەوەی دەست بە كاری سیاسی نەكەنەوەو هەر یەك لەم بەڕێزانە نیشتەجێ ئەكرێن لە شارێك بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانیان لاواز بێت، بۆ نمونە شەهید عەلی عەسكەری لە شاری رفاعی و كاك عومەر لە رەمادی و دكتۆر خالید لە بەغدا نیشتەجێدەكرێن.
لەبەغدا دكتۆر خالید لە ژێر چاودێری رژێم بوو زۆر جار بانگ دەكرا لە لایەن دەزگای موخابەرات و تووشی ئەشكەنجەی دەروونی دەكرا و تەهدید دەكرا كە بەشداری هیچ جموجۆڵێكی سیاسی نەكات.
كاتێك كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرا هەر لەسەرە تاوە پەیوەندی هەبوو لەگەڵ دەستەی دامەزراندن لە رێگای بەرێز مام جەلال. دكتۆر خالید لەو كەسانە بوو كە بەردەوام بەپەرۆشی ئەوە بوو كە خەباتی چەكداری بەزووترین كات دەست پێبكرێتەوەو لەنامەیەكی بۆ بەرێز مام جەلال ئاماژەی بەوەكردبوو كە دواكەوتنی خەباتی چەكداری لە بەرژەوەندی رژێم و دوژمنانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردەو كاتی خەباتی چەكداری هاتووە.
پاش ئەوەی دەستەی دامەزراندنی یەكێتی داوایان لە دكتۆر خالید كرد كە دەست بە خەباتی چەكداری بكەنەوە، دكتۆر خالید پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگەو فەرماندەو لێپرسراوی لقەكانی شۆرشی ئەیلول كرد. هەروەها پەیوەندی كرد لەگەڵ شەهید عەلی عەسكەری و شەهید عومەر دەبابە بۆ هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەكداری بە سەرپەرشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لەكاتێكێكی كەمدا توانرا كۆمەڵێك پێشمەرگەی قارەمان و دڵسۆز كۆبكرێنەوەو رووبكەنە شاخەكانی كوردستان. هاتنەدەرەوەی ئەم قارەمانانە دەنگێكی گەورەی دایەوە لە ناو خەڵكی كوردستان.
بۆ كاری رێكخستن و كۆكردنەوەی پێشمەرگەو پەیوەندی كردن لەگەڵ پیاوماقولانی ناوچەكانی بادینان و سۆران دكتۆر خالید چەند جار سەردانی ئەم ناوچانەی كرد.
بەهاری ساڵی 1977 سەردانێكی كرد بۆ ناوچەی برادۆست بۆ پێشوازی لە بەرێزان مام جەلال و كاك نەوشیروان و هەڤاڵانی دەرەوە.
دكتۆر خالید رۆلێكی بەرچاوی هەبووە لە شۆرشی نوێی گەلەكەمان چ لە كاری رێكخستن و چ لە شەرو چالاكیەكانی یەكێتی دژ بە دوژمنانی گەلی كوردو هەر لە یەكەم رۆژی دروست بوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا رۆژی شەهیدكردنی.
هەڤاڵەكانی دكتۆر خالید سەركەوتنی ئەم لە پۆستەكانی بەوە دەگەرێننەوە كە دكتۆر خالید تا بڵێی كەسێكی پاك و نیشتمان پەروەر بووەو زۆر نزیكی پێشمەرگە بووەو هەر هەمووشیانی وەك براو كوری خۆی سەیر كردووەو لە خۆشی و ناخۆشی لە گەڵیان بووەو زۆر كەسێكی راستگۆ بووە و كاری كردووە لە پێناو گەلەكەی و دوور بووە لە خۆپەرستی و هیچ كات كاری نەكردووە لەپێناو پۆست و ئیمتیازات.
بەهاری 1978 د. خالیدو عەلی عەسكەری و شێخ حسێن بابە شێخ لە گەڵ نزیكەی 1000 پێشمەرگە بەرەو هەكاری بەڕێكەوتن، بۆ ئەوەی چەك بهێنن بۆ بوژاندنەوەی شۆڕش. ئەم هێزە دابەش كرابوون بە سەر سێ بەشدا، لە كاتێكدا كە كێشەی گەورەی ئەمان ئەوەبوو كە شۆڕشی گەلەكەمان سەركەوتن بەدەست بهێنێت و گەلی كورد بە مافە رەوا كانی خۆی بگات، سەركردایەتی كاتی ئەوسای پارتی دیموكراتی كوردستان كە ناسراوبوون بە (قیادە مۆقەتە) خەریكی پلان دانان بوون بۆ لە ناو بردنی شۆڕشی نوێ گەلەكەمان. دوابەدوای چەندین شەڕو پێكدادان كە لەلایەن قیادە مۆقەتەوە پلانی بۆ دانابوو بەپشتیوانی عەشایەرەكانی سەرسنوور و ناوچەی هەكاری.
لە شەوی 19-6-1978، شەهید د. خالید سەعیدو هاوڕێكانی كەوتنە بۆسەیەكی گەورەوە، لەم شەڕەدا شەهید د.خالید لە كۆبونەوەیەك لەگەڵ هاورێكانی پێیان دەڵێت؛(با چیتر پێشمەرگە بە كوشت نەدەین و خۆمان تەسلیم بكەین، چونكە ئەوان تەنها ئێمەیان لا مەبەستەو ئەو پێشمەرگانە با بمێنن. چونكە شۆرش پێویستی بەو پێشمەرگانە هەیە) هەروەها د.خالید وتوویەتی؛ (ئێمە ئەگەر خۆمان تەسلیم نەكەین، ئەگەر نەشكوژرێین، پێشمەرگەكان لە برسا دەمرن، بۆیە لەپێناو رزگاركردنی گیانی ئەو پێشمەرگانە، پێویستە خۆمان تەسلیم بكەین، ئەگەرنا بۆ هەتاهەتایە مێژوو نەفرەتمان لێ دەكات) كاتێك دەیانەوێت برۆن خۆیان تەسلیم بكەن، د.خالید بە گوێی یەكێك لەپێشمەرگەكاندا دەچرپێنێت و پێیدەڵێت؛(دەزانم دەكوژرێم، بەڵام بەكوشتنی من شۆرش كۆتایی نایەت، تكایە ئێوە بەردەوام بن) لە دوای خۆتەسلیمكردنیان هەریەك لە شەهید د.خالید و عەلی عەسكەری و حسێن بابە شێخ بەفەرمانی پارتی بەدیلی شەهید دەكرێن.
ساڵی 1960 ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو لەگەڵ كچی مامی لتفیەی كچی حاجی سەعدی ئەسعەدی غەفوری. خاوەنی پێنج منداڵە، دوو كچ و سێ كوڕ.
بابەتی زیاتر
عومەر دەبابە
2022-12-08 11:50
عەلی عەسكەری
2022-12-08 11:08
خاڵە شیهاب
2022-12-08 09:18
شەوكەت حاجی مشیر
2022-12-06 12:22