بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئێزدییەكان: پشتیوانتان دەبێن بۆ پارێزگاریكردن لە ماف و خواستەكانتان
2022-12-15 22:10     207 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەركی دەسەڵاتدارانی هەرێمە هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ئێزدییەكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی جەژنی رۆژی ئێزیدی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزدییەكان كردووە و ئاماژەی بەوەكردووە:" یەكێتی هەمیشە پشتیوان دەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە ماف و خواستەكانیان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی ئارام و شایستە بۆیان ". ئەوەشی خستووەتەڕوو:" جەژنی رۆژی ئێزیدی لە هەموو خوشكان و برایانی ئێزدی پیرۆزدەكەم و هیوادارم ئەم جەژنە لە خۆشی و كامەرانیدا بەسەربەرن ". دەشلێت:" بەداخەوە ئەمساڵیش كە یادی ئەم جەژنە دەكەینەوە، تا وەكو ئێستا چارەنووسی بەشێك لە خوشكان و برایانمان نادیارە و ژمارەیەكی زۆریش دوور لە زێدی خۆیان، لە ئاوارەیی و لەناو كامپەكاندا ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن". سەرۆكی یەكێتی باسی لەوەشكردووە:" ئەركی دەسەڵاتدارانی هەرێمە هەنگاوی كردەیی بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ئێزدییەكان بنێن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و گەڕان بە دوای چارەنووسی بێسەروشوێنبووەكاندا".
بابەتی زیاتر