سەرۆكی یەكێتی لە رۆژئاڤا لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە و فەرماندەی گشتی هاوپەیمانان كۆبووەوە
2022-12-20 20:35     330 جار بینراوە      کۆمێنت
ئەمڕۆ، لە رۆژئاوای كوردستان سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و فەرماندەی گشتیی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كۆبوونەوە. ئەمشەوی سێشەممە، نوسینەگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند:" لە رۆژئاوای كوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و جەنەڕاڵ ماتیۆ مەكفارلان، فەرماندەی گشتیی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كۆبوونەوە". ئەوەش هاتووە:" لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوو، جەخت لە پەرەپێدان و پتەوكردنی هەماهەنگییەكان كرایەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە". بە گوێرەی راگەیەندراوەكە:" بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەنگاوەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرد و وتی، لەماوەی رابردوودا هێزەكانمان سەروەری گەورەیان تۆماركردووە و گورزی كوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاندووە. دڵنیاین بە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتری نێوانمان دەتوانین سەركەوتنی گەورەتر تۆماربكەین، بەتایبەت لەو ناوچانەی نێوان سوریا و عیراق كە بۆشایی ئەمنی هەیە و جمجوڵی تیرۆریستانی تێدایە".
بابەتی زیاتر