‏‎بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە

  2022-12-22 16:25      185 جار بینراوە        کۆمێنت

‏‎مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

‏‎کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ ٢٢ی ١٢ی ٢٠٢٢ لەدەباشان بەڕێوەچوو، دوا کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٢ی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، بۆیە بەشێکی تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندن و داڕشتنی بەرنامەی ساڵی داهاتووی خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی یەکێتی.

‏‎لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستەسەر وردەکاری سەردانەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان و دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانێ و جەنەڕاڵ ماتیۆ مەکفارلان، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریاو سەرۆکایەتی پەیەدە و حزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و روونیکردەوە، هەموو لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا کۆکبوون لەسەر هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییە دروستەکانی یەکێتی کە هەمیشە پاڵپشتی خەباتی دیموکراتی و ئاشتیخوازانەی گەلی کورد بووە لە رۆژئاوا و لەکاتی تەنگانەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیشدا بە هەموو شێوەیەکی لۆجستی و سەربازی هاوکاریی براکانی خۆیان کردووە، کە هەر ئەوەشیان لە یەکێتی و حزبەکەی سەرۆک مام جەلال چاوەڕێکردووە و دەکەن.

‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئاماژەی بەوەکرد کە بە لایەنە کوردستانییەکانی راگەیاندووە کە یەکێتی وەک هەمیشە پشتیوانی خوشک و براکانی خۆی دەبێت لە رۆژئاوا بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەکانیان بە ئاشتی، دیالۆگ و سیاسەتی ژیرانە وتیشی، لە بەرەنگاری هەڕەشەی تیرۆریستانیشدا پشتیوان و هاوکاری گەلەکەمان دەبین وەک ئەوەی پێشتر لە کۆبانێ و شوێنەکانی تریش کردوومانە. بۆ لەمەودواش بۆ چارەسەری ئاشتییانە و سیاسییانەی کێشەکان لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەست بە دۆسێی رۆژئاوای کوردستان و سوریا هاوکار و پشتیوان دەبین.

‏‎لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی باسی دۆخی سیاسیی کوردستان کرا و جەخت لە سیاسەتی یەکێتی کرایەوە کە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازی، کە بە دیدی یەکێتی هەر ئەو سیاسەتە دەبێتە مایەی باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و لەم پێناوەشدا هەم لە کوردستان و لە بەغداش کار لەسەر پاراستنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی وڵات دەکات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و ئیستیحقاقە نەتەوەییەکانی لە عیراقدا.

‏‎کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لەسەر کاروباری ڕێکخراوەیی مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی هەڵوەستەی کرد و راسپاردەی پێویستی لەبارەوە دەرکرا. 
‏‎کۆبوونەوە لە میانی هەڵسەنگاندنی کاری رێکخراوەییدا جەختی لە داڕشتنی بەرنامەی ساڵی نوێ کردەوە کە پەرە بە گەشەی چۆنایەتی یەکێتی بدات. سەرۆک بافڵ بۆ چوارچێوەی بەرنامەی نوێ راسپاردەیدا ئەمساڵ بکرێتە ساڵی پتەوکردنی پەیوەندی هەڤاڵانە لەگەڵ تێکۆشەرانی دێرین و هەموو هەڤاڵانی یەکێتی لە هەموو ئاستەکانی خەبات و لە هەموو ئۆرگانەکاندا، چونکە بەرنامەمان ئەوەیە جۆشوخرۆشی یەکێتییانە ببێتە هەوێنی گەشەکردنی زیاتری یەکێتییەکەمان لە ناو جەماوەر و هەموو چین و توێژەکانی کوردەواری بەتایبەتی توێژی رووناکبیران، لاوان و ژنان کە ئەرکی ئێمەیە خزمەتیان بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتییەکی چالاکترمان پێویستە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو