بافڵ جەلال تاڵەبانی: ستایشی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عیراق دەکەین

  2022-12-29 14:24      290 جار بینراوە        کۆمێنت

ستایشی بڕیارەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق دەکەین سەبارەت بە تەملیککردنی ئەو زەوی، موڵک و خانووانەی کە خوشک و برا ئێزدییەکان لە شەنگال لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە تێیدا نیشتەجێن و لەلایەن حکومەتی بەعسی رووخاوەوە لێی بێبەشکرابوون.

ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم بڕیارە بە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان دادەنێین پاش بێبەشکردن و پەراوێزخستنیان بۆماوەی چەندین ساڵ. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران دەکەین بۆ ئەم بڕیارە بوێرانەیە.

روونیشیدەکەینەوە کە ئەم ڕێوشوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواکاری و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەکان لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا کە بە سوپاسەوە حکومەت وەڵامی دایەوە.

ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی کارا یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی کە چەندین ساڵە لە سەریانە. هەنگاوێکیشە بە ئاڕاستەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، سەقامگیری ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ئەو سنوورانەی دیکە کە نەهامەتی زۆریان چەشت بەهۆی داگیرکردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و کۆتاییهێنان بەو ئازار و نەهامەتییانەی دووچاری کەسوکارەکانمان بووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو