سەرۆک بافڵ: هەر گرفت و رۆتینێک کاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵین

  2023-01-12 20:57      106 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕی دراوی سلێمانی، زەڕەنگەران، بازاڕی جگەرەو ژمارەیەک بازرگان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بازاڕو چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاروکاسبی لەسنووری سلێمانی كۆبووەوە.
لەدیدارەکەدا كە شێخ ئەحمەد حەمەكەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆك بافڵ گوێبیستی داواكاری و سەرنجی ئامادەبووان بوو و روونیانكردەوە، دەستێكی سیاسی لەپشت شێواندنی بازاڕی سلێمانییەوەیەو بەدەنگۆی چەواشەكارانە هەڵایەكی میدیاییان دەستپێكردووە كە ئامانج لێی دروستكردنی وێنایەكی ناڕاست و شڵەژاوی سلێمانییە گوایە لە سلێمانی پارە سپی دەكرێتەوەو دراوی ئەمریكی دەبرێتە دەرەوە، ئەمەش هیچ بنەمایەكی نییەو هەوڵدانێكی نەزۆكانەیە بۆ سستكردنی بازاڕ.
لەبەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی بازرگانان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی سلێمانی کرد کە هەمیشە بەدڵسۆزی و بەرپرسیارانە کاریان کردووەو بەشێکبوون لەچارەسەرو نەیانهێشتووە هیچ دۆخێكی نەخوازراو كار بكاتەسەر كاروكاسبیان.
سەبارەت بەکێشەو گرفتەکانیشیان، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، دڵنیاتان دەکەمەوە رێگەنادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لەناوبازاڕی سلێمانی بکات و زەمینەیەکی گونجاویش لەبەردەم بازرگان و سەرمایەداران دەڕەخسێنین تاوەکو ئازادانە کارەکانیان بکەن. وتیشی: هەر گرفت و رۆتینێکیش کاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵین، هاوکارو پشتیوانتان دەبین لەپێناو بووژاندنەوەی کوردستان و بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ پشتیوانیی یەکێتی بۆ وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و خاوانکاران دووپاتکردەوەو وتی: نابێت هیچ هێزو لایەنێک جورئەتی ئەوەی هەبێت یاری بەژیان و کەسابەتی خەڵکەوە بکات و گرفت دروستبکات. ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی داوە خزمەتیان بکەین و رێگە لەسزا سیاسی و داراییەکان بگرین، بۆیە درێژە بەکاری خۆتان بدەن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانتانە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو