بافڵ جەلال تاڵەبانی : سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناكرێت
2023-01-19 21:21     141 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناكرێت و بەرپرسیارێتی گەورەیان بەرامبەر خاك و خەڵك لەسەر شانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان بەجێهێشت، كە ئەمەش خواستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵكە تێكۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەكە و دروستكردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیووە". دەشڵێت:" ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵك و پاراستنی هەرێمەكەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێك بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵك نەوەك ترازان و دووركەوتنەوە، ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بووە و بەهەمووشێوەیەك دژی ناكۆكی و دووبەرەكی وەستاوینەتەوە". راشیگەیاند:" یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵك و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە، دۆخەكە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات". بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو:" سیاسەت بۆ ئێمە بریتیبووە لە بەهێزیی كورد و سەربەرزی خەڵكەكەی، لەم رێڕەوە مێژووییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین". سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت:" دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی". روونیشیكردەوە:" دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین كوردستان ئەو كاتە بەهێزترە كە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین، هەروەها پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناكرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵكەكەمان لەسەر شانە". جەختیشیكردەوە:" دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ كەسێك ناكات. خەڵك، هێزە سیاسییەكان و كەسایەتییە سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانمان لێدەكەن". بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد:" دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبووە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامرازێك بووە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا".
بابەتی زیاتر