قوباد تاڵەبانی : ئێمە دەمانەوێت خەڵكی كوردستان سوودمەندبن لە سەرچاوەكانی وزە

  2023-01-24 21:40      169 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی  باڵای UN بابەتەكانی هەڵبژاردن و وزەی تاوتوێ كرد. 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم پێشوازی كرد لە ڕۆزماری دیكارلۆ، جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد. 
لە كۆبوونەوەیەكەدا كە (24 كانوونی دووەمی 2023) بەڕێوەچوو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان كرایەوە. قوباد تاڵەبانی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەكەی بۆوەفدى میوان ڕوون كردەوە، كە بریتین لە؛ سیستم و بازنەكانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسی كۆتاو پێكهاتەكان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، داواشیكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی گرفتەكان و مسۆگەركردنی بەڕێوەچوونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی كوردستان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پێكهاتە و كەمینەكان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی كوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێكهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆو نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان كە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەكان.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن كردەوە بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێك كە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێ بكەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێك دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێكگەیشتنی هاوبەش.
لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ وەفدى نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕوون كردەوە ئەوان مەبەستیانە خەڵكی كوردستان سوودمەندی یەكەم بن لەسەرچاوەكانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و باشتركردنی خزمەتگوزاییەكان بەكاربهێنرێت.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا باسی دۆخی كۆمەڵگای مەدەنی لەهەرێمی كوردستان كراو تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لەرۆڵی ڕێكخراوە ناحكومییەكان كرد كە پایەی سەرەكی كۆمەڵگای مەدەنین، راشیگەیاند رێكخراوەكان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەكان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەكانیان بە هەند وەربگیردرێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی هەوڵەكانی جێنین پلاسخارتی كرد، لە عێراق و كوردستان كە هەمیشە بنیاتنەرانە بووەو بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاوی گرنگی ناوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو