خانمی یەكەمی عیراق: پشتیوانی میدیا و ئازادیم لەچوارچێوەی ئیتیكی رۆژنامەوانیدا

  2023-01-26 08:35      168 جار بینراوە        کۆمێنت

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عیراق ئەمڕۆ 25ی 1ی 2023 لەگەڵ بەڕێوەبەرو نوێنەری دامەزراوە میدیاییە حزبی و ئەهلییەكان كۆبۆوەو لە نزیكەوە گوێبیستی دیدو پێشنیازی میدیاكاران بوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لە هۆڵی (خاك) بەڕێوەچوو، خانمی یەكەمی عیراق ئامانجی دانیشتنەكەی لەگەڵ بەڕێوەبەری دامەزراوە میدیاییەكان روونكردەوەو رایگەیاند: دەمەوێت لە نزیكەوە زیاتر ئاگاداری میدیاكاران بم و پێكەوە گفتوگۆو لێكگەیشتنمان هەبێت بۆ هەموو پێشهات و رووداوەكان، بۆئەوەی راستییەكان بگەنە هەمووان، میدیاكاران لەچوارچێوەی ئیتیك و كاری رۆژنامەوانی كاری خۆیان بكەن، چونكە میدیا بەشێكی گرنگ و كاریگەرە لەبەڕێوەبردنی وڵات و دەرخستنی راستیی رووداو و پێشهاتەكان.
وتیشی: "دەبێت بە هەموو لایەكەوە كار بۆ زیاتر فراوانكردنی ئازادییەكانی رادەربڕین و كاری رۆژنامەگەریی بكەین و رێگر بین لەئازاردان و ئەو كێشانەی كە رووبەڕووی میدیاكاران دەبنەوە".
لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەرو نوێنەری دەزگا میدیاییەكان، لە چەند گۆشەنیگایەكەوە، باسیان لەو گرفتانە كرد كە رووبەڕووی میدیاكاران لە هەرێمی كوردستان دەبێتەوەو ئاماژەشیان بەوەدا: پێویستە لە رێگەی یاسای هاوچەرخەوە، كاروباری میدیایی و بەتایبەت میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێم رێكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كۆتایی بە پرسی دەستگیركردن و زیندانیكردنی رۆژنامەونووسان بهێنرێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو