بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە بە شوێنپێی سەرۆک مام جەلال دەڕۆین

  2023-02-09 09:55      183 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٩ ساڵ بەسەر مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال پەیامێکی بڵاوکردە و دەڵێت، "خەبات و هەوڵدانی بێوچان و لەمێژینەی سەرۆک مام جەلال لەپێناو کەرکووک و پاراستنی شوناسی شارەکە، نیشاندەری ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرگیز سازشی لەسەر خاکی کوردستان نەکردووە و نایکات.
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ ١٩ ساڵ بەسەر مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان لەڕێگەی بەڵگەی مێژوویی و یاساییەوە تێدەپەڕێت.
خەبات و هەوڵدانی بێوچان و لەمێژینەی سەرۆک مام جەلال لەپێناو کەرکووک و پاراستنی شوناسی شارەکە، نیشاندەری ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرگیز سازشی لەسەر خاکی کوردستان نەکردووە و نایکات. باوەڕی نەگۆڕو پتەوی ئێمە سەبارەت بەکوردستانیبوونی کەرکووک روونە، بەڵام تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەو کەلتوورە جیاوازەکانی شارەکەمان لەیادنەکردووە و پارێزگاریمان لێکردووە.
ئێمە بە شوێنپێی سەرۆک مام جەلال و سوودوەرگرتن لە میراتە دەوڵەمەندەکەیدا دەڕۆین، هەربۆیە لەماوەی رابردوودا لە ماڵەکەی خۆی لە بەغدا کە کۆکەرەوەی هەموو دەنگە جیاوازەکان بوو، کاراکردنەوەی مادەی ١٤٠ـمان لە کارنامەی حکومەتی نوێدا جێگیرکرد و هەموو هەوڵێکیشمان لەپێناو جێبەجێکردنیدا دەبێت.
سڵاوی قارەمانێتی و خۆڕاگری بۆ کەرکووکییە سەربەرزەکان دەنێرین و پێیاندەڵێین شارەکەتان قودسی کوردستان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو