بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تاقانەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە: هەر شتێك لەتواناماندا هەبێت بۆ ئێوە ئەنجامی دەدەین

  2023-02-12 16:12      205 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تاقانەكانی كیمابارانی هەڵەبجە رادەگەیەنێت، وەكو یەكێتی هەر شتێك لە توانایاندا بێت بۆ ئەوانی ئەنجام دەدەن. نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە:" ئەمڕۆ یەكشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە تاقانەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە كرد". ئەوەشی خستەڕوو:" لە دیدارەكدا كە نوخشە ناسیح، ئەندامی سەركردایەتی و وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی تەندروستی و ژیانی تاقانەكانی هەڵەبجە و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی كرا و لە چەند خاڵێكدا تاقانەكان خواست و داواكارییەكانیان خستەڕوو". بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پشتیوانی خۆی و یەكێتی بۆ داواكارییەكانیان خستەڕوو و رایگەیاند:" ئێوە رۆڵەی ئێمەن و لەهەموو قۆناغەكانی ژیاندا لەگەڵتان دەبین و پشتیوانتانین. لەگەڵ ئەوەشدا كار لەسەر هەموو داواكارییە رەواكانتان دەكەین و نوێنەرانمان لە هەرێم و بەغدا بەدیهێنەری مافەكانتان دەبن، هەروەها ئەو خوشك و برایانەشمان كە تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە هاوكاری هەیە، بێگومان بەدەنگەوەهاتنی خێرامان دەبێت و لەخزمەتتاندا دەبین". ئەوەشی خستەڕوو:" بەدرێژایی مێژوو هەڵەبجەییەكان نموونەی خەبات و تێكۆشان بوون لەپێناو كوردستان و لەرووی فەرهەنگیشەوە مێژوویەكی درەوشاوی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ هەمیشە لە یادەوەریماندا ئامادەیی هەیە و هەموو خزمەتەكانی ئێمە بارتەقای قوربانییەكانی ئێوە نییە". لە كۆتاییدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بە تاقانەكانی كیمیابارانی هەڵبجەشی راگەیاند:"بەڵێنتان پێدەدەم هەرشتێك لەتواناماندا بێت بۆ خزمەتی ئێوە ئەنجامی دەدەین".

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو