پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی شاری هەولێر-دا

  2023-03-10 16:22      192 جار بینراوە        کۆمێنت

لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێری پایتەخت لە چنگی رژێمی بەعسی فاشیست، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خەڵکی قارەمان و تێکۆشەری هەولێر دەکەم، ئەو خەڵکە تێکۆشەرەی بۆ هەموو دنیای سەلماند زوڵم و ستەم، نادادی و جیاکاری قبوڵ ناکات و بەرەنگاری دەبێتەوە.
(٣٢) ساڵ لەمەوبەر، وەک بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی بەوپەڕی شانازییەوە لەلایەن بەرەی کوردستانی سەرپەرشتی رزگارکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا، بە بەشداری خەڵکی قارەمان و تێکۆشەرو کۆڵنەدەری هەولێر، رێکخستنە نهێنییەکان، شانە چەکدارەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان توانیمان لە کەمترین کاتدا سەرجەم شارەکە رزگار بکەین و بۆ مێژوو ئەو سەروەرییەمان تۆمار کرد و لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەی شارەکەی خۆمان لە بەردەم قەڵا خۆڕاگرەکەی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنمان گێڕا.
ئەمڕۆ کە زیاتر لە سێ دەیە یە بەسەر ئەم رۆژە مێژووییە تێپەڕ دەبێت، ئەرکمانە بەخۆماندا بچینەوەو هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان، پێویستە هەموومان ئەوەمان لەیاد بێت کەهێشتاش میللەتەکەمان بەو ئامانجانەی نەگەیشتووە کە زۆر لەمێژە ئازادیخوازانی گەلەکەمان قوربانی لەپێناو دەدەن، ئەمەش تەنهاو تەنها بە یەکگرتوویی، یەکڕیزی و بەرنامەی هاوبەشی نیشتمانی وەدی دێت.
دووبارە ساڵیادی راپەڕینی هەولێری قەڵاو منارە پیرۆز دەکەم، ئەم یادە پیرۆزە بەدەرفەت دەزانم دروودو سڵاو بنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم ئەو جوامێرانەی هاوکارمان بوون لە راپەڕین و شانە چەکدارەکان و هەموو ئەو کەسانەی قارەمانانە راپەڕین و هەولێریان ئازاد کردو لە بەعسیان پاک کردەوە.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو