راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی بۆ یادی ٣٥ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە
2023-03-15 20:57     98 جار بینراوە      کۆمێنت
یادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
ساڵیادى کارەساتی کیمیابارانى هەڵەبجەو دەوروبەری لە لایەن رژێمی بەعسی روخاوەوە برینێکی سارێژنەبووی مێژووییە لە جەستەی نیشتمان و نەتەوەکەمان.
سوێی ئازارە مرۆییەکانی ئەم کارەساتە هەڵەبجەى کردە ناسنامەى مەزڵومیەتى نەتەوەکەمان کە هەر ئەوکات ویژدانی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر مەینەتییەکانی کە بەسەر گەلەکەمان دەهات جوڵاند .
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان چ راستەوخۆ و چ لە رێی حکومەتی هەرێمەوە بۆ سارێژکردنی برینەکانی پارێزگای هەڵەبجە و خزمەتی ئەم کەیسە هەمەلایەنە لە بواری ئاوەدانی و خزمەت لە خەم و ئازاری کۆمەڵانی خەڵکی هەڵەبجە تێدەگات، بێ درێغ بۆی تێکۆشاوە و تێدەکۆشێت، پێشی وایە چی بۆ پایتەختی خەم و پەژارەی شارەزوور کرابێت هێشتا کەمە و بارتەقای قوربانی بێ ئەندازەیان نییە، چونکە هەڵەبجەییەکان شایانی زیاتر و زیاترن.
ئەم ساڵیش لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەم یادەدا لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٣ ی ئازاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، رێکارە فیدڕاڵییەکان یان پرۆژە یاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە پەسەند کرا کە هیوادارین لە نزیکترین دەرفەتدا لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە یاسایەکی فیدڕاڵی وەک نۆزدەیەمین پارێزگا هەژمار بکرێت. سا بەڵکو ئەم هەنگاوەش وەک بەرپرسیارێتییەکی مەعنەوی و ئیداری دەرفەتی زیاتر بۆ خزمەت و ئاوەدانی و قەرەبووکردنەوە بکاتەوە.
تەئکید لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەکەینەوە کە لە ئاست شانازى ئەو شارەدا خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتر پێشکەش بکرێت.
سەری رێز بۆ رۆحى پاکى شەهیدانى هەڵەبجە و تێکڕاى شەهیدانى کورد و کوردستان دادەنەوێنین و وەفا و ئەمەکداریى بۆ کەس و کارو قوربانیان و برینداران دووپاتدەکەینەوە .
مەکتەبى سیاسى
یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان
بابەتی زیاتر