پەیامی پیرۆزبایی د.ڕێواز فائق بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە
2023-04-20 21:45     281 جار بینراوە      کۆمێنت
بەبۆنەی هاتنهوهى جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی هەموو هاووڵاتییان دەكەین، داواكارین لە خوای گەورە ڕۆژوو و پەرستشی موسڵمانانی قبووڵ کردبێت و ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتەکەماندا بەرقەرار بکات.
لەم جەژنە موبارەکەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە بەرپرسەکانی هەرێم دەکەین کە بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە قۆناغی ناکۆکیی سیاسی تاقەتپڕووکێن تێپەڕێنن و ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە پاراستن و گەشەکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان باڵاترین بەرژەوەندیی گەلی کوردستانەو تەنها بە بانگەشەی بێ کردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییە هەمەلایەنەکان ناپارێزرێت، بەڵکو پێویستیی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز، خۆنەویستی، دوورکەوتنەوە لە خواستی سڕینەوەی ئەویتر و سازشکردن لەسەر بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان هەیە، ئەمەش هەموومان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریهتی و خوای گەورە و میللەتەکەمان چاودێرە بەسەر کارو ڕەفتارو هەڵوێستی هەموومانەوە.
هەر لەم بۆنە پیرۆزەداو لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامیی دەروونی بۆ کوردستانیان، بووژاندنەوەی بازاڕو کارو کەسابەتیی هاووڵاتییان و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بڕیارو کرداری ئەرێنی بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، بەپێویستی دەزانم کە هەموو بەرپرسانی دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان و سیاسییە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی خۆیان لە لێدوانی تووندو زبر بپارێزن و پشکی خۆیان لە ئەرك و بەرپرسیاریهتی بۆ دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی جێبەجێ بکەن.
هاوکات داواکارم بەبۆنەی ئەم جەژنە پیرۆزەوە دەرفەت لەدەست نەدەین و بە ڕێکاری یاسایی گونجاو ئەو ڕاگیراو و زیندانییانە ئازاد بکرێن کە تاوانیان ئەنجام نەداوە یان تاوانەکانیان سووکە یان ڕەهەندیی سیاسی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی چیتر خێزان و كەسوكاریان لە چاوەروانیدا نەبن و ئازادكردنى ڕۆڵەکانیان بكرێتە جەژنانە بۆیان، لەپێناو بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەو ئازادی و دیموكراسییەتەی كە ساڵانێكی زۆرە گەلەكەمان خەبات لەپێناویدا دەکات.
دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و ھەموو ڕۆژێكتان ھەر جەژن و خۆشیبێت و ئاسوودەیی و ئارامی باڵ بەسەر ژیانی هەموواندا بکێشێت.
د. ڕێواز فائق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
بابەتی زیاتر