قوباد تاڵەبانی: سەرەڕای ئەوەی هەرێم دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی هێشتا کارەبای ٢٤ سەعاتیمان نییە

  2023-04-27 17:53      222 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان، هێشتا کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان نییە، دەشڵێت، دەبێت هەرێمی کوردستان جگە لە سامانە سروشتییەکان، پشت بە سەرچاوەی دیکەی داهات ببەستێت.

قوباد تاڵەبانی، لەدووەمین رۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە یۆنان، سەبارەت بەسامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پشت بەستن سەرچاوە سروشتییەکان و نەوت بەتایبەتی، ئابوورییەکی سەقامگیر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر ناکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت پشت بەسەرچاوەی دیکەی داهات ببەستین و سوود لەئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرین".

ئەوەشی خستەڕوو:" سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان، هێشتا کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەهەرێمەکەدا نییە، بۆیە دەبێت سەرەتا ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت، دواتر بیر لەهەناردەکردنی سامانی سروشتی بۆ دەرەوەی وڵات بکرێتەوە، بە تایبەتی هەناردەکردنی غاز".

ئاماژەی بەوەشکرد:" پشتبەستن بەوزە دەبێتە هۆی تەمەڵ بوونی حکومەت و وادەکات بیر لە پشت بەستن بەسەرچاوەکانی دیکەی داهات نەکاتەوە".

قوباد تاڵەبانی وتیشی:" تاوەکو ئێستا چەندین سەرچاوەی غاز هەیە لەهەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا کاری لەسەر نەکراوەو غازەکەی دەرنەهێندراوە".

سەبارەت بەپەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق روونیشیکردەوە:" گەڕانەوەی حکومەتی هەرێم بۆ حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێم بە‌هێز دەکات و لەبری تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان ، دەتوانن پێکەوە کاربکەن، کە ئەمەش سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت". وتیشی:"هەموو سەقامگیرییەك و گەشەسەندنێكی ئابووریی حکومەتی عێراق، گەشەکردن و سەقامگیری هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پشتگیری تەواو لە حکومەتەکەی سودانی دەکەین".

قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندی دێڵفی ئاماژەی بەوەشکرد:" لەڕووی جیۆپۆلتیكەوە، هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی ئاڵۆزدایەو دەبێت بەحەكیمی و دیراسەکردنی دۆخەکە مامەڵە لەگەڵ دراوسێكانماندا بكات".

سەبارەت بە بوونی رۆتینات لەفەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم روونیشیکردەوە:" هەموو حکومەتی گەورە پڕە لە رۆتینات و ئەمەش پەرەسەندن و زۆربوونی گەندەڵی لێدەکەوێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بە هەموو توانامانەوە کاردەکەین، کە وەچەرخانێکی دیجیتاڵی بێنینە کایەوە، کە رۆتین کەمبکاتەوە و رێگری لە گەندەڵی بکات".

قوباد تاڵەبانی سەبارەت پشتیوانی بۆ مافەکانی مرۆڤ راشیگەیاند:" بڕوامان بەیەکسانی ژن و پیاو هەیە لە هەرێمی کوردستان و لەوپێناوەشدا، کاری باش و هەنگاوی جددیمان ناوە".
ئەوەشی خستەڕوو:" پشتیوانی من بۆ مافەكانی مرۆڤ تەنیا لە بیروباوەڕی سیاسیی خۆمەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە من لە خێزانێكی كراوە و ئازادیی خوازەوە پەروەردە بووم".

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو