قوباد تاڵەبانی: لە دۆخێکدا نین بیر لە هەناردەکردنی گاز بکەینەوە
2023-05-03 22:13     235 جار بینراوە      کۆمێنت
دیمەنێک لە پانێڵەکە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە میانەی بەشداریکردنی لە پانێڵکی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا رایگەیاند ستراتیژی ئێمە بەکارهێنانی وزەی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان و پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆیە، پاش ئەوە دەتوانین بیر لە هەناردەکردنی گاز بکەینەوە.
لە دیدارەکەدا کە 3ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سەبارەت بە وزەی گاز رایگەیاند، پێویستە ستراتیژی نوێ بەکاربهێنن چ بۆ بەکارهێنانی لە ناوخۆ و چ بۆ هەناردەکردنیشی لە داهاتوودا. بۆ ئەمەش لەم قۆناغەدا پێویستیمان بە پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری کێڵگەکانی گازە بۆ ئەوەی بتوانین پێویستییەکانی ناوخۆ دابین بکەین چ بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چ بۆ کارگەکانی پیشەسازی و دابینکردنی پێویستییەکانی ماڵان.
سەبارەت بە یاسای نەوت و گازیش رایگەیاند، رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت، زەمینەیەکی باشی بۆ رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز رەخساندووە. جەختیشی کردەوە کە لەم قۆناغەدا لە هەمووی گرنگتر تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازە بەشێوەیەک کە یاسایەکی واقیعی بێت و رۆڵ و پێگەی هەموو لایەکی تێدا بە روونی دەستنیشان کردبێت و لەسەر ئەرزی واقیعیش توانای جێبەجێکردنی هەبێت.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە داهاتی زیاتر دەست بکەوێت و ئەو داهاتە بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە دابەش بکرێت، هەروەها پلانیش هەبێت کە بەشێکی گرنگی ئەو داهاتەش بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوری و دروستکردنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییان تەرخان بکرێت.
سەبارەت بە دۆخی سلێمانیش جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا دۆخی سلێمانی باش نییە، هاوڵاتییان دڵخۆش نین و ناڕازین لە شێوازی دابەشکردنی نادادپەروەرانەی داهات. وتیشی لە دوای تێپەڕاندنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، کار دەکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش دوای نزیکەی ١٠ ساڵ ببێتە خاوەنی یاسای بودجەی خۆی بەجۆرێک کە داهاتەکان بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە و بەبێ جیاوازی و مەبەستی سیاسی بەسەر هەموو هاوڵاتییان و شاروشارۆچکەکاندا دابەش بکرێت.
بابەتی زیاتر