قوباد تاڵەبانی: گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لەسەر پرسی هەڵبژاردن رێککەوتن بکرێت

  2023-05-07 21:06      225 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان، پرسی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی 7ی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند ئێمە وەک یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن بە زوویی بکرێت و هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیه هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە هەڵبژاردن و دامەزراوەکان بەهێزتر ببێت.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا لە ماوەی رابردوودا کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئیجابی بووە و تەنها هەندێک خاڵی ناکۆکی لەسەر پرسی کورسی کۆتاکان ماوە کە ئەوانیش قابیلی چارەسەر کردنن و گەشبینین لەماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.

سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئەم کێشانە زیانیان بە پێگەی هەرێم گەیاندووە، هەربۆیە ئێمە وەک یەکێتی پێشتریش رامانگەیاندووە؛ ئامادەین بۆ هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک. وتیشی "لە ئێستاشدا هەندێک هەوڵ هەیه و گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئاراستەی چارەسەری هەنگاو بنێین و بتوانین بەسەر بەشێکی زۆری کێشەکاندا زاڵ ببین."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند ئێمە دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەکی ریشەیی و بۆ ماوەی درێژخایەن چارەسەر بکەین. وتیشی ئەگەر بتوانین کێشەکانی ناوخۆمان له هەرێم چارەسەر بکەین، بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە باشتر و ئاسانتر دەتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە جۆرێک چارەسەر بکەین کە لە بەرژەوەندی هەردوولادابێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو