ئاسۆ مامەند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سازش لەسەر خواست و مافەكانی كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان ناكات
2023-05-08 20:30     204 جار بینراوە      کۆمێنت
بە سەرپەرشتی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند كۆبوونەوەی دەوری سەركردایەتیی كەركوك-سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە ٨-٥-٢٠٢٣ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری كەركوك بە سەرپەرشتی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەی دەوری سەركردایەتیی كەركوك-سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی، و سەركردایەتیی، و لێپرسراوی مەڵبەندەكانی كەركوك و سەڵاحەدین ئامادەی بوون، دۆخی ناوخۆی عیراق، هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان بە وردیی تاوتوێ كران، بە تایبەتیش پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كە بەشێكیان پەیوەندییان بە ماف و داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پرسە سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنییەكان جەختیان لەسەر كرایەوە و بە تێروتەسەلی گفتوگۆیان لە بارەوە كرا، لەو بارەیەوە هەڤاڵ ئاسۆ مامەند تەئكیدی كردەوە؛ هەر جۆرە سیاسەتێكی جیاكاری لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان مایەی قبوڵكردن نیین، چونكە خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی عیراق و پێكهاتەكانی كەركوك ناكات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پرسە رێكخراوەییەكان و هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی ئۆرگانەكانی یەكێتیی بە وردیی تاوتوێ كران، و تەئكیدكرایەوە كە بایەخی زیاتر بە ئۆرگانەكان بدرێت بە جۆرێك لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك بێ و لە ناویشیاندا گرینگی زیاتر بە توێژی گەنجان و ژنان بدرێت.
لە كۆتاییدا كۆبوونەوە جەختی كردەوە؛ كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هیچ كولوەجێیەك سازش لەسەر خواست و مافەكانی كوردانی ناوچە جێناكۆكەكان ناكات، و ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكە، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو رێوشوێنە یاسایی و دەستورییەكان دەگرێتەبەر، و رێگە بە كەس نادەن مافە دەستوری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان لەم ناوچانە پێشێل بكات.
بابەتی زیاتر