راگەیەندراوی تیمی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی
2023-05-09 17:50     302 جار بینراوە      کۆمێنت
تیمی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوەو پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٩ی ئایار لە سلێمانی بە سەرپەرشتی مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کراو لەو بارەیەشەوە باسیان لەدارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد.
کۆبوونەوەکە لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حزبیش بتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لەئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا رەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن.
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا کە ئامانج لێیان بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان وجێبەجێ کردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاووڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیاردرا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان پێ بدرێت.
بابەتی زیاتر