قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە

  2023-05-13 15:26      229 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەفدێکی پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتبوو لە ئەندامانی لیژنەی ئەوقاف و عەشایر بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی کۆبووەوە و پێکەوە دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و چۆنییەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان تاوتوێ کرد. 
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە 13ی ئایاری 2023 لە دەباشان بەڕێوەچوو، دکتۆر مەحمود مەشهەدانی رۆڵی  سەرۆک مام جەلالی وەبیرهێنایەوە لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکریزی لەنێوان لایەنە عێراقییەکان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکاندا و رایگەیاند لە قۆناغی سەخت و هەستیاری دوای رووخانی رژێمی بەعس سەرۆک مام جەلال وەک پێشەوایەک لە سیاسەتی عێراق دەرکەوت کە  بەبێ جیاوازی کۆکەرەوەی سەرجەم دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بوو.
 قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموولایەکمان بە هەمان شێوازی سەرۆک مام جەلال کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانییدا.  
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ هەموو کات وتوومانە بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەکان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام دەبێ بە هەموو لایەکمانەوە کاربکەین لەپێناو ئاشتەوایی و تەبایی زیاتر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی و درێژخایەن چارەسەر بکرێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو