بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە پشتیوان و داکۆکیکاری مامۆستایان بووە
2023-05-15 12:48     170 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ھەموو مامۆستایانی كوردستان دەكات و دەڵێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ھەمیشە پشتیوان و داكۆكیكاری مامۆستایان بووە و لەم ئەركە نیشتمانییەشی بەردەوام دەبێت. بۆ ساڵی نوێی كاركردنتان ھاوكار و ھەماھەنگ دەبین لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایان.
دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی....
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی مامۆستایانی كوردستان، سەرۆك و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەكەم.
مامۆستایانی كوردستان لە ھەموو وێستگە جیاوازەكانی گەلی كورددا، پێشەنگبوون لە پێگەیاندنی نەوە جیاوازەكانی كوردستان و لە شۆڕش و خەباتی چەكداریشدا، قارەمان و تێكۆشەر بوون. لەم یادە مێژووییەدا سڵاو و پێزانینی زۆرمان بۆ ھەموو ئەو مامۆستا جوامێرانە دەنێرین كە سەرباری ھەموو قۆناغە سەختەكان، پرۆسەی پەروەردە و فێركردنیان پشتگوێ نەخست و لە خەمی نەوەی دواڕۆژی گەلەكەماندا بوون.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ھەمیشە پشتیوان و داكۆكیكاری مامۆستایان بووە و لەم ئەركە نیشتمانییەشی بەردەوام دەبێت. بۆ ساڵی نوێی كاركردنتان ھاوكار و ھەماھەنگ دەبین لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایان. ئێوەن نموونەی كوردستان و ئێمەین بەرامبەر ھەوڵ و ماندووبوونتان وەفادار دەبین.
شاد و سەرفرازبن.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بابەتی زیاتر