سەرۆک بافڵ بۆ دژە تیرۆر: ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆزو بەئەمەکی کوردستانن
2023-06-05 11:26     498 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆرو ژمارەیەك لە فەرماندەكانی دژەتیرۆر كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بۆ پاراستنی هەرێم، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەكان و هاوپەیمانان خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەكانیان كردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.
لە بەرامبەردا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەكانی دژەتیرۆر كرد، وەك یەكەم هێزی دژەتیرۆر لە كوردستان و هەوڵەكانیان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شكستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆزو بەئەمەكی كوردستانن و مێژوویەكی پڕ لە شانازیتان تۆماركردووە، چالاكییەكانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵكە خۆشەویستەكەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە.
سەرۆك بافڵ ڕاشیگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەكو هێزەكانی دژەتیرۆر فراوانترو بەهێزتر بكرێت تاوەكو قەڵغانێكی پتەوتر بن بۆ پاراستنی كوردستان.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر كرد لەبەرامبەر هەوڵ و قوربانیدانەكانیان لەپێناو خاكی كوردستان و سەرفرازیی خەڵكەكەید.
بابەتی زیاتر