‏‎ سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازیکرد لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق

  2023-06-07 20:08      336 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێک لە دیدارەکە

 
‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد.
‏‎لەدیدارێكدا كە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانە كرایەوە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.
‏‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم بەگشتی و پرسی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەت رایگەیاند، سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن روونە و لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان. ئەمەش بە یاسایەكی نوێ و كۆمسیۆنێكی بەهێز دەكرێت نەك یاسایەك دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێكی رووكەش بڕەخسێنێت. ئێستاش كات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە كە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە.
‏‎وتیشی، بەداخەوە سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە و حزب دەستوەردان لە كارەكاندا دەكات، ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە و دەبێت رێگریی لێبكرێت.
‏‎لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەوڵە ئەرێنییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان سەرۆك بافڵ وتی، كاری پێكەوەیی لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغدا و فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكان لەبوارە جیاوازەكاندا، فاكتەری بەهێزبوون و مانەوەمانە وەك قەوارەیەكی بەهێز و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكەكەمان.
‏‎هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکراشیکرد، ئەو دۆخە سیاسییەی ئەمڕۆ لە هەرێم هاتووەتەئاراوە نەك خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، بەڵكو لە سیاسەت و حوكمڕانییەكی تەندروست دوورمان دەخاتەوە، ناشتوانین كۆتایی بەو دۆخە بهێنین ئەگەر واز لە عەقڵییەتی سەپاندن و تاكڕەوی نەهێنین و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كار نەكەین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو