سەرۆک بافڵ : دەبێت تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لەسەر بنەمای سازان و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنەکان بێت
2023-08-02 14:39     165 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق و سەرۆکی کوتلە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز لە بەغدا كۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد موفتی، راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی بۆ کاروباری وزە و ژمارەیەک پسپۆڕ و شارەزای بواری وزە ئامادەبوون و بە وردی پرۆژەیاساكە تاوتوێكرا و گرنگی و لێكەوتە سیاسی و ئابوورییەكانی لێكدرایەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە تێپەڕاندنی بەربەستەكانی بەردەم یاسای نەوت و غاز كردەوە بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات.
هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا، سەرۆک بافڵ سەرنج و ستراتیژی یەکێتی بۆ کەرتی وزە و چارەسەرکردنی کێشەکان خستەڕوو و رایگەیاند، دەبێت تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر بنەمای سازان و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنەکان بێت. هەروەها نەوت و غاز ببێتە مایەی ژیان و داهاتوویەكی گەشتر بۆ هەموو هاوڵاتییان و ئەم سەروەتە نیشتمانییە بخرێتە خزمەت بووژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەوە.
بابەتی زیاتر